دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسماعیل بەقایی: دانوستانی ئەتۆمی هیچ واتایەکی نەماوە

هەرێم نیوز

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەمەریکا بە کردەوەکانی، دانوستانەکانی بێ بەها کرد، بۆیە کشاینەوە.

ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی ئێران لەسەر زاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئەم دوایانە بە تەواوی کاریگەری لەسەر کشانەوەمان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە، بۆ ئەمەش ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەین، چونکە ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا هێرشەکان بکەن.

باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازی و دامەزراوە ئەتۆمییەکان، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە.

ئاماژەشی داوە، ئەمەریکا بە کردەوەکانی، دانوستانەکانی بێ بەها کرد، ناکرێت خۆت وا پیشان بدەی کە ئاشتیت دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هاوکاری دوژمنیش بکەیت.
ئیسماعیل بەقایی گوتیشی: ئیسرائیل ماویەکی زۆرە دەیەوێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناکۆکییەکان تێوەبگلێنێت، بۆیە پێم وایە ئەمجارە لە ئامانجەکەی سەرکەتووبووە.

سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی ئێران ڕایگەیاند: ئێران بە چڕی هێرش دەکاتە سەر بنکەی سەربازی هەر وڵاتێک لە ناوچەکە کە هەوڵبدات پارێزگاری لە ئیسرائیل بکات.

ئەمەریکا و ئێران پێنج گەڕی دانوستانیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئەنجامداوە و هەفتەی رابردوو رایانگەیاندبوو رۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیران گەڕی شەشەمی هەڵبژاردنەکەیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوەندی سەربازیی و ئەتۆمی ئێران و بەهۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران، هاوکات ئێوارەی رۆژی هەینی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکان سەتان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و تاوەکو ئێستا شەڕەکە بەردەوامە.

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجی هێرشەکانی خستەڕوو و گوتی؛ "ئەو هێرشانە بۆ رێگریکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات و هاوکات ئامانجمان لێی ئیفلیجکردنی توانا مووشەکییەکانی تارانە، تا ئامانجەکەمان بە تەواوەتی نەپێکین، لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین.

دوای 24 کاتژمێر لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە و پێگە ستراتیژیەکانی ئێران، هێشتا هەردوولا یەکتر مووشەک باران دەکەن و تاران هۆشداری بەو وڵاتانە دەدات کە پشتگیری ئیسرائیل دەکەن، هاوکات ئەمریکا بە یارمەتیدانی تەلئەڤیڤ تۆمەتبار دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP