هەرێم نیوز
شەوی رابردوو لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا لە رێگای دهۆک – زاخۆ، کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کسی دیکەش بریندارن.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ رایگەیاند، “درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگای دهۆک بۆ زاخۆ، نزیک کومەڵگەی حەسەن ئاڤا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ لەژێر کۆنتڕوڵی شۆفێرەکەی دەرچووە و بەر ستونێکی کارەبا کەوتووە و دواتر چووەتە ناو چاڵێک.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ئەنجامی ئەو رووداوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون، کە بە نەتەوە تورکمان و عەرەبن”
وتەبێژی تەندروستی زاخۆ دەشڵێت، “لەبەر سەختی رووداوەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و تەندروستی، نزیکەی 40 خولەک سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و گواستنەوەی بریندارەکان بوون.”
ئەمیر عەلی باسی لەوەشکرد، “تەرمی شوفێرەکە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و یەکێک لە بریندارەکانیش بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەکانی دهۆک کراوە.”