دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

شارەوانی هەڵمەتێکی هاوبەشی بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکان ئەنجامدا

هەرێم نیوز

هەڵمەتێکی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا ئەنجامدرا، هەروەها شارەوانی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی بڕیارەکانی قایمقامییەت و شارەوانی ببن و خۆیان لە تاوانەکردن و رێکاری یاسایی بپارێزن.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، هەردوو بەشی خزمەتگوزاریی و زیادەڕەویی سەرۆکایەتیی شارەوانیی بە هەماهەنگی لیژنەکانی قایمقامیەت و هێزەکانی ناوخۆ، هەڵمەتێکی چڕ بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا بەمەبەستی ئەنجامدانی قوربانی ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە پێشوەختە هاووڵاتییان ئاگادارکراونەتەوە کە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵان و ناوماڵەکاندا بە هەموو شێوەیەک رێگەپێدراو نییە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی شار لە بڵاوبوونەوەی پاشماوە و بۆنی ناخۆش هەروەها گرتنەبەری رێکاری تەندروستی بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان دژی بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون.

شارەوانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بە درێژایی رۆژانی جەژن ئەم جۆرە هەڵمەتانە لەلایەن تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانییەوە بەردەوامی دەبێت، هەروەها شارەوانی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و خێردۆستان دەکات پابەندی بڕیارەکانی قایمقامییەت و شارەوانی ببن و خۆیان لە تاوانەکردن و رێکاری یاسایی بپارێزن، بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکەمان و تەندروستیی هەموو هاووڵاتییان خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو کارە بەدووربگرن، ئەو ئاژەڵانەشی دایانناوە بۆ قوربانیی لەکوشتارگەکان لەژێر سەرپەرشتی تیمەکانی تەندروستی و دکتۆرەکانی ڤێرتەرنەری سەرببڕدرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP