دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سیپان شێروانی بۆ حەلبووسی: پیاوی لەكارخراو، ناتوانی بۆ مەركەزیەت و ستەمكاری بمانگێڕییەوە

هەرێم نیوز 

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای ئەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق باسی لە گێڕانەوەی ناوەندیەتی و باڵادەستیی بۆ حكوومەتی عێراق كردووە، بۆی نووسیوە: "بۆ حەلبووسیی لەكار خراو، ئەوەی دەیڵێن هیچ نیە، جگە لە هەوڵێکی نائومێدانە و بێئاكام بۆ گەڕاندنەوەی میلی کاتژمێرەکە بۆ دواوە، بەرەو مەركەزییەتێكی پڕ ڕق و قێزەونی، کە گەلەکەمان بۆ هەمیشە ڕەتی کردووەتەوە."

دەشڵێت: "ئەو سەردەمەی پاوانخوازی و مەرکەزییەت و ستەمکاری کە پێدەچێت تامەزرۆی بیت (کە کوردستانی جگە لە ستەم و چەوساندنەوە هیچی تری لێ نەچەشتووە) تێپەڕیوە و بۆ هەمیشە بە قوربانیدانی بێئەندازە و لەبیرنەکراو بەجێهێشتراوە و نێژراوە."

سیپان شێروانی دەڵێت، ئەی پیاوی لەكارخراو، كوردستان تەنیا ناوێک نیە لەسەر کاغەز، یان سنوورێک کە بە ئارەزووی خۆت هەر كاتێك بتەوێ بکێشرێت و بسڕدرێتەوە، بەڵکوو قەوارەیەکی دەستووریی تۆکمە و قەڵایەکی سەربەرزی خۆڕاگرییە، خاکە پاکەکەی بە خوێن و قوربانیی هەزاران شەهید و قارەمانەکانی ئاو دراوە. خەباتی گەلێکی بەهێزە کە نادادپەروەری و چەوساندنەوە ڕەت دەکەنەوە و مێژوویەکی پڕ لە ئاستەنگی هەیە کە تەنیا بەهێزتر و خۆڕاگرتری کردووە."

"کوردستان وەک دڕکێک لە چاوی تەماحکار و ڕەگەزپەرستان، سەربەرز و بەکەرامەت، خۆڕاگر لە بەرامبەر هەموو هەوڵەکانی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە دەمێنێتەوە، سەرەڕای ڕەگەزپەرستییە ڕقاوییەکان و خەونە درۆیینەکان. ئەوەی بوونەوەرێکی لەکارخراوی وەک تۆ دەیڵێت، جگە لە مەرەكەبی سەر کاغەز هیچی تر نیە. ماف و دەسکەوتەکانمان لە خوێنی شەهیدە ڕاستگۆکانماندا هەڵكۆڵدراون و وەك چیاكانمان بە نەمری دەمێننەوە، وەک شاخەکانمان، مادام ڕۆحێک لە ناوماندا مابێ بۆ بەرەنگاریی وەهمەكانی ئێوە."

ئەم وەڵامە لە كاتێكدایە كە محەمە حەلبووسی، سەرۆكی لابراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە: هەناردەی نەوت و غاز و پاراستنی سنوور و دەروازەكان بەتەنیا لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP