دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیران: نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت. دەشڵێت: حکوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییەی گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و بڕیارەکەش سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ وهەرێم خستووەتە ڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزا کرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ، ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.

هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان ڕوونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردووە لێخۆشبوون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP