هەرێم نیوز
ماڵپەڕی ئەکسیۆس، هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سێ وڵاتی ناوچەی کەنداو، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، ترەمپ بەنیازە لەم گەشتەدا بە ترلیۆن دۆلار گرێبەست و بەڵێنی وەبەرهێنان بگەڕێتەوە ئەمریکا.
ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی گەشتەکەی ترەمپ بۆ سعودیە و قەتەر و ئیمارات بەتەواوەتی لە دەوری پارە و بازرگانیدا دەسوڕێتەوە. بەرپرسێکی عەرەبی دەڵێت: "ئەجێندای ناوچەیی ئەو تەنها بازرگانی، بازرگانی، بازرگانییە."
هەرچەندە ترامپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، بەڵام خۆی و ڕاوێژکارەکانی دەزانن کە ئەمە لە ئێستادا بە کردەوە مەحاڵە، بە تایبەت بەهۆی بەردەوامی شەڕی غەززە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پلانی جیۆپۆلەتیکی لەم گەشتەیدا گرنگییەکی لاوەکی هەیە.
هەروەها ترەمپ لە یەکەم خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لە یەکەم گەشتی فەرمیدا بۆ دەرەوەی وڵات گەشتێکی بۆ سعودیە کرد و بەنیازی بوو ئەمجارەش ئەو کارە بکات، ئەگەر پرسەی پاپا فرانسیس ڕێگری نەکردبا.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بەڵێنی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە بۆ وەبەرهێنانی 600 ملیار دۆلار لە ئەمریکا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.
ئەو گرێبەستانەی کە بڕیارە لە سعودیە واژۆ بکرێن بریتی دەبن لە فرۆشتنی لانیکەم 100 ملیار دۆلار چەکی سەربازی، هەروەها گرێبەستی گەورە لە کەرتی وزە و کانگاکان.
ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دەڵێت، قەتەریش پێشبینی دەکرێت لە نێوان 200 بۆ 300 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا یان گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕابگەیەنێت، لەوانە گرێبەستێکی گەورە بۆ کڕینی فڕۆکەی بازرگانی لە کۆمپانیای بۆینگ و گرێبەستێکی دوو ملیار دۆلار بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaper.
هەروەها قەتەرییەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە فڕۆکەیەکی جۆری 747 بە ترەمپ ببەخشن بۆ ئەوەی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا وەک هێزی ئاسمانی یەکەم بەکاریبهێنێت. وەزارەتی بەرگری قەتەر و پنتاگۆن دانوستان لەسەر ئەو پرسە دەکەن، کە ئێستا لەژێر پێداچوونەوەی یاساییشدایە. ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای تروس سۆشیال نووسیویەتی، فڕۆکەکە دیارییە، بەبێ بەرامبەر".
هەروەها ئیمارات لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە بەنیازە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا یەک تریلیۆن و 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات.
ئەکسیۆس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا و نووسیویەتی: "ترەمپ کەنداو بە سەکۆیەکی گونجاو دەبینێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی گەورە، چ بۆ ئەمریکا و چ بۆ بازرگانییەکانی وەک ڕێکخراوی ترەمپ".
ڕێکخراوی ترەمپ تەنها دوو هەفتە پێش گەشتەکە گرێبەستێکی نوێی خانووبەرەی لوکس لە قەتەر واژۆکرد و ڕایگەیاند کە پڕۆژەی لە جددە و دوبەی و عومانیش هەیە.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، زۆرێک لە کەسە نزیکەکانی ترامپ، بەرژەوەندی و چالاکیی ئابووریشیان لە ناوچەکەدا هەیە.
یەکێک لە گرنگییە سەرەکییەکانی گەشتەکە بریتی دەبێت لە سەرمایەگوزاری لە بواری زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیادا. ئیمارات و سعودیە لەو وڵاتانەن کە بە پەرۆشەوە هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە چیپی زیرەکی دەستکردی پێشکەوتووی دروستکراوی ئەمریکا دەدەن.