هەرێم نیوز
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا، بۆ سێ مانگى هاوین بێ بەرامبەر گاز بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان.
لە بڕیارەکاندا کە ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەریکرد، بڕیاردرا گاز بەبێ بەرامبەر بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان بەمەبەستى دابینکردنى کارەبا بۆ هاوڵاتیان، بۆ هەر یەک کەی ڤى، 45 لیتر گاز دەدرێتە خاوەن موەلیدەکان بۆ مانگەکانى حوزەیران و تەممووز و ئاب.
بەپێی بڕیارەکە، نابێت رۆژانە لە 20 کاتژمێر کارەبا کەمتر بدەن، ئەگەر بە نۆرەش بێت لەگەڵ کارەباى نیشتمانى، پێویستە 12 کاتژمێر کارەبا بدەن.
هەروەها بڕیاردراوە کە، لیژنەیەکى تایبەتمەند نرخى ئەمپێرى موەلیدە ئەهلییەکان و کاتى کارپێکردنیان دیاری دەکات و هەر ئەو لیژنەیەش چاودێریى ماوەى دابینکردنى کارەبا و پارەکەى دەکات.
پارەى ئەو بڕە گازەى بەبێ بەرامبەر دەدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان، لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دەدرێتە کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان.
وەزارەتى کارەباى عێراق 28 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزى هاوین دا پێویستى بە 54 هەزار مێگاوات کارەبایە.