هەرێم نیوز
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "لە رابردوودا ناسەقامگیریی هەبوو، بەڵام ئێستا بازاڕی دۆلارەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی وتی"بازاڕی دۆلارەکە بووەتە ناوەندی سپیکردنەوەی پارەی وڵاتە مایەپووچبووەکان و کەس نییە رێگری بکات. رۆژانە بە پیکاب تمەن و لیرەی سووریا دەهێندرێنە بازاڕەوە و دۆلار دەبردرێتە دەرەوە".
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند: "دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، لە بازاڕی دۆلارەکە ناسەقامگیرییەک دروست بوو، بەڵام دوای چاودێریی لیژنەکانی ئاسایشی ئابووری، ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".
ڕوونیشیکردەوە: "ئەوە رەت دەکەینەوە کە بە پیکاب پارەی سووری و ئێرانی بهێندرێتە سلێمانی، بەڵکو ئەوەی هەیە لەکاتی ناسەقامگیریی بازاڕدا هاووڵاتییان لیرەی زۆریان کڕیوە و ئێستا ناوبەناو دەیهێننەوە نێو بازاڕ بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بەشێکی زیانەکانیان بگەڕێننەوە".