هەرێم نیوز
رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق بەهیچ شێوەیەک فرۆشتنی دۆلار بە دینار بۆ گەشتیاران زیاد ناکات.
رۆژنامەی سەباح، لە سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندی عێراقەوە ڕایگەیاند، بڕی پارە گۆڕینەوە بۆ گەشتیاران بەهیچ شێوەیەک لە سێ هەزار دۆلارەوە بۆ پێنج هەزار دۆلار زیاد ناکات.
بانکى ناوەندی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەداتە گەشتیاران و پێشتر لە چەند میدیایەک بڵاوکرایەوە، ئەو بڕە پارەیە دەکرێت بە پێنج هەزار دۆلار.
لەدوای ناجێگریی لە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، بانکی ناوەندی عێراق لەکۆتایی ساڵی 2022 دەستیکرد بە فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران کە ئەوکات هەر گەشتیارێک دەیتوانی بڕی حەوت هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرێت.
دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2023 ئەو خزمەتگوزارییە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش بەردەستکرا بەڵام دوای ماوەیەکی کورت راگیرا.
دواتر لە 04-11-2024 جارێکی دیکە فرۆشتنی دۆلار بە دینار لە فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستیپێکردەوە و لەو کاتەوە گەشتیاران دەتوانن سوودمەندبن لە کڕینی بڕی سێ هەزار دۆلار لەکاتی گەشتەکانیان، بەڵام بە مەرجێک گەشتیار دەتوانێت لە مانگێکدا تەنها یەک جار لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بێت.