هەرێم نیوز
ئهنجوومهنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایگەیاند، لە بری زێڕ کەلوپەلی ناوماڵ بکەنە حەقی مارەبڕیی.
دووشەممە، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی ئهنجوومهنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێژنەی باڵای فەتوا ناتوانێت نرخی زێڕ بۆ مارەبڕی دیاریی بکات، بەڵام جەختمان لەوە کردووەتەوە پێویستە زێڕ نەکرێتە پێوەر بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، چونکە لە شەریعەتی ئیسلامدا زێر وەک مافی مارەبڕی دیاریی نەکراوە، تەنیا ئاماژە بەوە کراوە مارەیی بۆ بکرێت، جا بە گوێرەی توانا.
ئەوەشی خستەڕوو، مامۆستایانی ئایینی لە وتاری هەینیی دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت پڕۆسەی هاوسەرگیریی قورس بکرێت و پێویستە جێگرەوەی زێڕ داوا بکرێت، چونکە زێڕ تەنیا وەک نەریتێکە نەک شەریعەت و یاسا.
باسی لەوەش کرد، دەتوانرێت لە بری زێڕ داوای کەلوپەلی ناوماڵ یان گەشتێکی عومرە یان هەر شتێک بێت کە ڕەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت، باشتریش وایە ئەندازەکەی کەم بێت، بەڵگەش بۆ ئێمە پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) فهرموویهتی "بەخێرترین مارەیی ئەوەیە کەم بێت".
ئەمڕۆ دووشهممه نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار21 له ههرێمی كوردستان، گەیشتە 705هەزار دیناری عێراقی، کە یەکەم جارە دەگاتە ئەو ئاستە پێوانەییە.