دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

قەیس خەزعەلی: شه‌رع فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌یه‌

هەرێم نیوز

50 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان كۆكردوەتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیارێك دەربكات بۆ رێگری لە هاتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی کاتی دەسەڵاتی سوریا بۆ بەغداد.

هاوکات ئەمڕۆ شەممە، قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، سه‌ردانی ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا بۆ عێراق كاتی نه‌هاتووه‌ و زووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یاسای عێراقی جێبه‌جێ بكرێت، شه‌رع له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت به‌و پێیه‌ی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌ و فه‌رمانه‌كه‌یش به‌ركاره‌.

قه‌یس خه‌زعه‌لی ئاماژەی بەوەشداوە، له‌ ژێر ئه‌م ڕۆشناییه‌ و به‌ گوێری بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ده‌بێت هه‌مووان پابه‌ندیی بڕیاره‌كانی دادگه‌ی عێراق بن و ڕێزی لێ بگرن. 

هەروەها، پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەند، دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردووە، تیايدا پرسیاری ئەوەی كردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا، داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە يان نا، ئەنجومەنی باڵای داوەری عێراق لەوەڵامدا وتویەتی، بەڵێ‌ ناوبراو داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە.

ئەو پەرلەمانتارە لە گرتەیەكی ڤیدیۆدا جەختیشكردووە، بەمزوانە ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دەبینن.

لەدوای دیدارەكەی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە گەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا لەچەند رۆژی رابردوودا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەشێك لەلایەن شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەڵمەتێكى راگەیاندنی توندیان دژی سودانی دەستپێكردووەو، بە ئاشكرا دژی هاتنی سەرۆكی سوریان بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار وایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ بچێت و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ میانی به‌شداریی له‌ نۆیه‌مین دیداری سلێمانی له‌ پانێڵێكدا ڕایگه‌یاند، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریای به‌ فه‌رمی بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بانگهێشت كردووه‌. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP