نوسینى عیماد الشدياق
وەرگێڕانى : هەرێم نیوز
پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئیماراتى عەرەبی یەکگرتووە، نموونەیەکە بۆ بەدیهاتنى ئاشتى و پەرەپێدان لە ناوچەکەدا، ئەم سەردانەى کۆتایی سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەبوزەبی لە هەفتەى رابوردوودا بۆ ئەوەبوو تیشک بخەنە سەر ئەو دهاتووەکەى کە ناوچەکە چاوەڕوانى دەکات، کەواچاوەڕێ دەکرێت پێشکەوتنى بەردەوام بەخۆوە دەبینێت بەتایبەتى لە بوارى ئەمنی و ئابوری و رۆشنبیریی دا.
نوخبەکانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە سەردانەکەى سەرۆکی هەرێمى کوردستان بۆ ئەبوزەبی تەنها "وێستگەیەکی پرۆتۆکۆلی" نەبوو، بەڵکو "خاڵی پشتبەستن" بۆ ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی ڕوو لە هەڵکشان، کە پەیڕەوی میتۆدی "واقیعگەرایی" دەکات لە دروستکردنی هاوپەیمانیەتی هاوسەنگ و پشت دەبەستێت بە بەرژەوەندیە ئەمنی و ئابوورییەکان، و نزیکبوونەوەی جیۆسیاسی.."
سەردانەکە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە دەکوڵێت، لەنێوان دوو بەرداشى ئێران و ئیسرائیل دایە، دیمەنەکانى ئەو جەنگە لە گۆڕەپانى عێراقدا بە ئاشکرا بەدیدەکرێت، لەکاتى ئەوەدایە بەرکەوتن لەگەڵ باڵە ئێرانییەکەى نێوعێراقدا بێتە کایەوە ، ئەوە جگە لەو هەژموونە نوێیەى کە تورکیا لە باکوورى عێراق و سوریا دەستى داوەتێ، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ پێداکوتان و حزوری سەر لەنوێی ئەمریکا لەناوچەکەدا.
کە دەگوترێت سەردانەکە هەلێکى گرنگە بۆ هەردوولا، بارزانى و شێخ محەمەد زاید سەرۆکی ئیمارات پێکەوە کۆبوونەوە، سەردانەکەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى ستراتیژیی لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا، وەک رێگەیەک بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە سیاسی و ئابورى و رۆشنبیرییەکان.
لە دیدی هەرێمدا، ئیمارات "لایەنێکی کاریگەر"ە لە ڕێکخستنەکانی قۆناغەکانی "دوای ملمنلانێ"دا (ئیتر هەر ملمنلانێیەک بێت)، بۆیە پەیوەندی لەگەڵیدا گرنگی هەیە لە هەوڵی کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگ لەگەڵ وڵاتە ناکۆکەکان. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ئەبوزەبی دەرفەتێکە بۆ چڕکردنەوەی وەبەرهێنان لەبوارى ژێرخان و ڕێڕەوە بازرگانییەکان، لە کەشێکی ئارام و دوور لە هەڵکشانی ڕاگەیاندن و سیاسی، هەربۆیە، دەکرێت گفتوگۆی نێوان هەردوولا لە چەند خاڵێکى کورتدا چڕبکرێتەوە (ئەڵبەتە ئەوەى ئاشکرا کراوە).
هاوکاری ئابووریی:
ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری وەبەرهێنان و دروستکردتى ژێرخان لە هەرێمدا، کە ئیمارات بەنیازە وەبەرهێنان لە پڕۆژەی گەورەدا بکات لە کوردستان.
وزە و سەرچاوە سروشتییەکان:
چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەشەیەک لە بواری نەوت و گازدا دروستبکات. ئیمارات بە یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنەکان لە کەرتەکانی وزەدا دادەنرێت لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان بە سەرچاوە سروشتییە زۆرەکانی ناوبانگی هەیە، بۆیە زەمینەیەکی بەپیتە بۆ وەبەرهێنانی ئیماراتی.
هاوکاری ئەمنیی و سەربازیی:
لەکۆبوونەوەکەدا پرسەکانی ئاسایشی هەرێمی تاوتوێ کراو هەردوو لا باسیان لە چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووە.
لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا ژمارەیەک بەڵێن لە چەند بوارێکدا
ران، گرنگترینیان:
1- ئاڵوگۆڕی بازرگانی:
ئیمارات بە یەکێک لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. دوبەی ناوەندێکی بازرگانی گرنگە، ئەمەش "خاڵی پەیوەندی" سەرەکی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان. چاوەڕوان دەکرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە داهاتوودا فراوان ببێت، بە جەختکردنەوە لەسەر کەرتی نەوت و گاز.
2- هاوکاری لە بواری پەروەردە و توێژینەوەی زانستی:
دەرفەتێکى گرنگ هاتووەتە پێشەوە بۆهەردوولا بۆ گەشەپێدانی هاوکاری لە بوارە ئەکادیمییەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە لە نێوان هەردوولادا هەیە. هەرێمی کوردستان خاوەنی توانایەکی گەورەیە لەم بوارەدا، لە کاتێکدا ئیمارات ژینگەیەکی پەروەردەیی پێشکەوتوو و پێشەنگ لە ناوچەکەدا پێشکەش دەکات.
3- تەکنەلۆژیا و داهێنان:
لەگەڵ هەوڵی ئیمارات بۆ ئەوەی ببێتە پێشەنگ لە بواری داهێنان و تەکنەلۆژیا لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی زیرەکی دەستکرد دا، هاوکاری لەم بارەیەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە دەدات بە هەردوولا لەم بوارەدا لەگەڵ بوارەکانی دیکە وەک تەکنەلۆژیای زانیاری و وزەی نوێبووەوە.
4- گەشتیاریی:
هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە ڕابکێشێت، یەکێک لەوانە ئیماراتە، بوونی شوێنەوارە گەشتیارییە مێژوویی و کلتوورییەکان لە هەرێمدا، دەکرێت جووڵەی گەشتیاری لە نێوان هەردوو لا بەهێز بکات و گەشتیارانی ئیماراتی ڕابکێشرێت.
5- یارمەتییە مرۆییەکان و گەشەپێدان:
ئیمارات ڕۆڵی کاریگەر لە پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکاندا دەبینێت. بەو پێیەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتگیری هەیە لە دووبارە بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی کە بە هۆی جەنگ و ململانێکانەوە کاریگەر بوون، ئیمارات دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لەم بوارەدا بگێڕێت، ئەویش لە ڕێگەی بەهێزکردنی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی گەشەپێدان.
وەک دەزانرێت پەیوەندی نێوان ئیمارات و هەرێم نوێ نییە و تازە دروست نەبووە، لە دە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بینیوە، ئەبوزەبی بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی پشتگیری بۆ هەرێم، چ لە بواری ئابووری یان لە بواری سیاسی.
لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا، هەرێمی کوردستان سیاسەتی هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا پەیڕەو دەکات، لەوانەش تورکیا و ئێران، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو. پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات بە هاوسەنگ و پشتگیری بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو لا دادەنرێت.
لە بواری ئابووریشدا، هەرێم بە یەکێک لە گەورەترین ناوچەکانی عێراق دادەنرێت کە ئاستێکی پێشکەوتووی لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات هەیە.
ئیماراتیش بە قورسایی ئابووری خۆیەوە، بەشێکی گرنگە لە ستراتیژی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ئابووریی.
ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە ناوچەکە ئاڵنگارییە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبینێت، و هاوکاری لە نێوان وڵاتە کاریگەرەکان پێویستی بە بەهێزکردنی کاری هاوبەشە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هەمووان. بۆیە، هەماهەنگی کوردستانی لەگەڵ ئەبوزەبی دەکرێت ببێتە نموونەیەک بۆ هاوکاری هەرێمایەتى.