حەمەسوار عەزیز
بەشی یەکەم:
قسەکردن لەسەر ھەر کارێکی ھونەری، پەیوەستە بە تێگەیشتن و درکپێکردنی ئەو شێوازو تەرزە کاکرکردنەی کە کارەکەی تیا بەرھەم ھاتووە، ناکرێ ھەموو کارە ھونەرییەکان لە یەک ڕوانگەوە سەیر بکرێن و لەنێو ھەمان پێوەردا پێوانە بکرێن، چونکە ھەر کاڵایەک بەو شێوەیە پێوانە دەکرێت کە دەتوانرێت بەھاکەی تیادا بەرچاو بکەوێت، درامای کوردیش دەچێتە ھەمان خانەو ناکرێت ھەموو دراماکان بە ھەمان تەرازووی پێوانەکردنەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ھەموو دارمایەک ناتوانێت ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی واقیع بێت و بەو پێوەرە بەھای بۆ دابنێین، ھەندێک کاری ھونەری وەک فۆرم تەسلیمی تیۆری ڕەنگدانەوە نابێت و فۆرمی تایبەتی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەل واقیع بەکار دەبات و واقیع بەشێوەیەکی فەنتازی و گریمانەکراو دادەڕێژێتەوەو زۆرێک لە بوونیادەکانی ھەڵدەوەشێنێتەوە.
(بەرەو بەرزاییەکان) درامایەکی جیاوازی کوردی بوو کە ئەم ڕەمەزانە بەر دیدەی بینەری کورد کەوت، ئەم درامایە لە نوسینی (شوان کەریم) و دەرھێنانی (ھاوڕێ مستەفا) و نواندنی کۆمەڵێک ئەکتەری وەک (نزار سەلامی، شوان کەریم، ڤینۆ کاروان، ڕووبار خالید، سەروەر محییەدین، ھەڵوێست محەمەد، دییە قاسم، قادر جەلال، ژیان ئیبراھیم، ئەیام ئەکرەم، بەیان بۆمبا، دیدار عومەر، ئاکۆ سەنگاوی و میران ئازاد) و کۆمەڵێک ئەکتەری تر بوو، بۆ ماوەی پازدە زنجیرە لە ئاڤا تیڤی پێشکەشکرا.
ئەم درامایە وەک تەرزی درامایەکی کۆمیدی ڕەخنەئامێز، ھەوڵیداوە جۆرێکی تر مامەڵە لەگەل واقیع بکات لە ڕێگەی گریمانەکردن و فەنتازیاوە، بەشێکی زۆری کاری کۆمیدیا لە شانۆو سینەما و تیڤی بەندە بە تیۆری (موبالەغەکردن و فووتێکردن و گەورەکردن)، بەشێوەیەکی بەرچاو کۆمیدیا فۆرمێکی واقیعی کۆپیکراو وێنا ناکات، ئەو ھەوڵدەدات لە ڕێگەی واقیعێکی فەنتازی و گریمانەکراو، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەخرێتە ژێر میکرۆسکۆبی موبالەغەو گەورەکردن و فووتێکردن، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ئاماژە و پەیام ھەڵگرێت و ڕووبەڕووی کۆمەڵگای بکاتەوە، وەکە چۆن دکتۆر بۆ ئاشکراکردنی نەخۆشییەک، ڤایرۆسێکی نەبینراو، دەخاتە ژێر میکرۆسکۆب و بە ھەزاران جار گەورەو قەبەی دەکات تا بە باشی ببینرێت، لێرەدا ئەوەی دەبینرێت قەبارەی ڕاستەقینەی ڤایرۆسەکە نییە، بەڵام دەبێ بەو شێوە نیشان بدرێت تا مەترسییەکانی باشتر ببینرێت و باشتر لە کاریگەری زیانەکانی تێبگەین.
بەمجۆرە درامای بەرەو بەرزاییەکان بەر ھەمان پێوانە دەکەوێت، واتە ئەو درامایە ھەوڵدەدات کە لە ڕێگەی موبالەغەکردن و فووتێکردن و گەورەکردنەوە، جۆرێک لە واقیعێکی گریمانەکراوی فەنتازی نیشان بدات و ھەندێک مەترسی کۆمەڵایەتی و سیاسی بخاتە بەردەمی بینەر بەشێوەیەکی ھەڵئاوساو تا لە قەبارەی ئەو مەترسییە تێبگات، بۆ نموونە کاتێ ھەموو پۆلیس بەدوای عارەبانچییەک ڕادەکات و دەیەوێت دەسگیری بکات و ھێزێکی گەورە بۆ ئەو مەبەستە کۆدەکاتەوە، لەم کاتەدا بینەر ئەوەی بەرچاو دەکەوێت کە لە وڵاتێکدا ئەو ھەموو تاوانە جۆراوجۆرەی تیادا ئەنجام دەدرێت لە دزی و گەندەڵی و تاڵاکردنی سامانی نەتەوەیی و کوشتن و زیندانیکردنی تاک لەسەر وشەو ھەڵوێست و داواکردنی ماف و ئەو هەموو مافیا قات لەبەرە بە ئازادی دەسووڕێنەوە ، لەو کاتەدا یاسای ئێمە بە ھەموو ھێزییەوە خەریکی ڕاونانی عارەبانچییەکە و دەیەوێت دەسگیری بکات چونکە پێیوایە سەروەری یاسای شکاندووە، ئەو یاسایەی کە لە کۆمەڵگای ئێمە بەشێوەک بێ بەھا کراوە کە تەنھا دەرەقەتی ھەژارو بێ دەرەتان و دزی بچووک دێت و بۆتە قەڵغان و پشتیوان بۆ ھەموو ئەو کارە نایاساییانەی کە لە نھۆمی سەرەوەی دەسەڵات ڕوو دەدەن، لێرەدا دراماکە ڕووی یەکەمی ئەو یاسا و سیستمە ئەمنییەت نیشان دەدات، ڕووی دووەمی لای بینەرەو بینەر خۆی دەبێ ئەو بۆشاییانە پڕبکاتەوەو وێنە گەورەکە ببینێت، بۆیە ھەموو کارێکی ھونەری لەنێو کرداری بینین و لێکدانەوەو تەئویل و نووسینەوەی بینەر تەواو دەبێت، لە ھونەری نوێدا بینەر نوسەری کۆتایی کاری ھونەرییەو بەبێ ئەو کارەکە بە نیوەناچلی دەمێنێتەوە.
لەم ڕوانگەوە شێوازی نیشاندانی ڕووداوەکانی ئەم درامایە تەواو جیاوازن لە ھەر درامایەکی تر، بە تایبەت دراماکانی حوسێن میسری کە درامای کۆمەڵایەتی واقیعیین و پشت بە تیۆری ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگا دەبەستن، بەڵام ئەوەی کێشەیە لە درامای بەرەو بەرزاییەکان، دوو ستراکچەری سەرەکین، یەکێکیان ناونیشانە کە ھەمیشە وەک تێکستێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەل دەکرێت، لەم درامایە بەھیچ شێوەیەک ئەو ناونیشانە ھەڵچووە دروشمئامێزە خزمەت بە ناوەڕۆک و فۆرمی ئەو کارە ناکات و تەواو ناتەبایە بە ژانری کارکردنی دراماکە، ناونیشانەکە ڕەھەندێکی سیاسی و نەتەوەیی ھەیە و دراماکەش ھەوڵیداوە بەزۆر خۆی لە قەرەی ئەو ڕەھەندە بدات و بۆتە بارێکی قۆرس بەسەر دراماکەوە.
ھەموو کارێکی ھونەری کە پشت بە واقیعی گریمانەکراو و خەیاڵ و فەنتازیا و زیادەڕۆیی و گەورەکردن دەبەستێت، دەبێ خۆی لە بەکاربردنی واقیعی ڕووداوە مێژووییەکان بپارێزێت، ئەگەر نەتوانێت لەنێو فۆرمی دامەزراندنی دراماکە چارەسەری بکات، بۆ نمونە زۆر کاری ھونەری لەسەر شەڕی عێراق و ئەمریکا بەرھەم ھاتووە، ھەندێکیشی بەو شێوازە کۆمیدییە فووتێکراوە کاری لەسەر کراوە، بەڵام سینارێست و دەرھێنەر، توانیوویانە کارەکە لە فۆرم و ڕووداو و زەمەنی واقیعی خۆی دابماڵن و لەنێو ئەو تەرزە کارکردنەی خۆیان بە ستراکچەری نوێوە بوونیادی بنێنەوە، بەڵام بەداخەوە لەم درامایە بوونی پرسی (داعش) وەک خۆی، بارێکی قوڕسە بەسەر دراماکەوەو تووشی کێشەی بوونیادی کردووە، چونکە ئەو دوو جیھانەی کە دراماکە ھەوڵیداوە پێکەوەیان ببەستێتەوە، بەھیچ شێوەیەک توانای ئەوەیان نییە تەبا بن و یەکەی فۆرم دروست بکەن، نووسەرو دەرھێنەر لەنێو دوو ڕووبەردا گیریان خواردووە کە ھیچ ڕووبەرێکیان توانای ئەوەی نییە لە ستراکچەرە ھونەرییەکەی خۆی داببڕێت، ھەرچەندە وادیدەبینم کە ئەمە بە مەبەست کراوەو نووسەرو دەرھێنەر مەبەستیان بووە ئەو دوو جیھانە ئاوێتەی یەکتر بکەن و جیاوازی نێوان واقیع و فەنتازیامان بۆ بخەنە بەر دیدە، بەڵام لە کۆی گشتی کارەکە لەوە سەرکەوتوو نەبوون، بەتایبەت لە ڕووی ڕیتمەوە کێشەیەکی گەورە دروست بووە، کە دواتر باسی لێوە دەکەم.(ماویەتی)