دواین هەواڵ

کلتور‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

سەمای زۆربای ئەنتۆنی كوین

حەیدەر عەبدولرەحمان

رۆمانی زۆربای یۆنانی كە لەلایەن رۆماننوسی ناسراوی جیهانیی نیكۆلای كانتزاكیس نووسراوەتەوە، ئەكتەری ناسراو (ئەنتۆن كوین) رۆڵی پاڵەوانیەتی تیدا بینیووە.

چیرۆكی رۆمانەكە باس لەسەربوردەی نووسەرێك دەكات بەناوی باسیل ـ دەوری بەكتێب و رۆمان و هونەرو فەلسەفە تەنراوە، لەگەڵ پیاوێكی نەخوێندەوار بەیەك دەگەن كە هەموو عیبرەت و حیكمەتەكانی لەئەزموونی ژیان وەرگرتووە.

رێكەوتەكە وا دروست دەبێت كە ئەو نووسەرو رۆشنبیرە گەورەیە، ببێت بەهاودۆستی ئەو پیاوە نەخوێندەوارە، لەویشەوە زۆر لەفەلسەفەو كولتوورە كۆمەڵایەتیەكان فێر بێت و ئەو فێر بوونەش وای لێ بكات كە تێرَوانینی بەرامبەر بەزۆر لەنهێنیەكانی ژیان بگۆڕێت، بۆیە (زۆربا) بەبرادەرە رۆشنبیرەكەی دەڵێ‌: هەموو شتێ لەكتێبەكانت دا نادۆزیتەوە، چونكە كتێبەكانت وەڵامی زۆر لەپرسیارەكانمان نادەنەوە، بەڵكو ئەوە ژیانە ڕەنببێتە قوتابخانەیەك بۆ هەموومان، تا بتوانین حیكمەت و عیبرەتەكانی لێ فێر بین .

سەمای (زۆربا) كە فیلمی زۆربای لێ وەرگیراوە، سەمایێكی فۆلكلۆری یە، بەرەسەن یۆنانیە، سەماكە لە ئەدادا پشت بەموزیكی زۆربا دەبەستێت، كە لەلایەن (میكس تیودۆراكس) داندراوە ، بەتایبەت بۆ فیلمی زۆربا داندراوە.

دوای بەكارهێنانی موزیكەكە لەو فیلمەدا، موزیكەكە بوو بەموزیكێكی جیهانیی و جیگەی شانازی یۆنانییەكان، هەمان پارچە موزیك لەچەندین فیلم و زنجیرە موزیكێكی تر بەكار هاتووە .

ئەم فیلمە فیلمێكی ئەمریكی ـــ ۆنانی هاوبەشەو ساڵی 1964 بەرهەم هاتووە، چیرۆكی فیلمەكەش چیرۆكێكی راستەقینەیە، كاتی خۆی (نیكولاس) لەیەكێ لەگەشتەكانیدا ئەو كەسایەتیەی (زۆربا) دەبینێ و سەربوردەكانی لەدەمی خۆیەوە دەبیستێ و دەیكات بەو رۆمانە ناودارەی كە هەموو دنیای تەنییەوەو بەچەندین زمانی جیهانیی وەرگێڕدراو كرا بەفیلم .نیكولاس زۆر بەقوڵی لەكاراكتەری زۆربا قوڵ بۆتەوە، بەشێوەیەك بینەر وا هەست بكات كە ئەو بنیادەمەی خوا یەكێكە لەسەرنج راكێشترین بنیادەمەكانی.

یەكێك لەخەسڵەتە هەرە جوانەكانی ئەو كەسایەتیەش ئەو خۆشەویستییە گەورەیەیە كە ئەو كاراكتەرە هەیەتی بۆ ژیان، بەرووە جۆراو جۆرەكانییەوە، هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە كە خەمەكان لەبیر خۆی بەریتەوەو لەقوڵایی ئەو خەمانەدا هەوڵی ئەوە دەدات كە بەختەوەری بۆ خۆی دروست بكات .

بۆیە هەمیشە پەنا بۆ ئەو سەمایە دەبات كە نغرۆی ناو چركە پڕ لە ئاسوودەییەكانی خۆی دەكات ، كەبە سەمای (زۆربا) ناسراوە.

دەرهێنەری ناسراوی ئەمریكی (مایكل كاكۆیانیس ) لەشەستەكانی سەدەی رابووردوودا، زۆر بەو رۆمانە سەرسام دەبێت، رۆمانەكە دەكاتە فیلم، كە تێیدا (ئەنتۆنی كوێن) و (ئەبرین باباس) رۆڵیان تیادا بینیووە، موزیكەكەشی لەلایەن موزیك ژەنی ناسراوی یۆنانی (میكس تیۆدۆراكس ) داندراوە.

ساڵی 1988بالیەكی بەناوی ( ئەلكسیس زۆربا ) داناوە، كە بۆ یەكەمجار لەئیتاڵیا نمایش كراوە و موزیكەكە بۆتە موزیكیكی جیهانی و ریتمێكی سەمایی مۆدێرنی هەیە كە لەڕووی دەروونییەوە سروشێكی نادیارت پێ دەبەخشێ كە تێیدا هەست بەزیندوو بوونەوەی ژیان بكەیت

.فیلمەكە لە دورگەی (كریت ) ی یۆنانی وێنەگیراوە، دیمەنە سەركیەكەش لەنیمچە دورگەی (ئەكرۆتیری ) تۆمار كراوە، كە دیمەنی سەمای زۆربایە و كاریگەرترین دیمەنی فیلمەكەیە، دەرهێنەركە دەربارەی هەڵبژاردنی دورگەی كریت بۆ فیلمەكەی دەڵێت: من لەهەڵبژاردنی ئەو دورگەیە بۆ وێنەگرتن ویستم بگەڕێمەوە سەر رەچەڵەكی چیرۆكی فیلمەكەم و بەسەرهاتە راستەقینەكانی زۆربا.
لەهەمان كاتیشدا دورگەی كریت زۆر دورگەیەكی سرنج راكێشەو دیمەنی ئێجگار جوانی تێدایە كە لەگەڵ رووداوەكانی فیلمەكەم هاوكوفە .

ئەنتۆنی كوین _ لەزۆر دیمانەدا و لەنێوان هەموو ئەو شاكارە سینەماییانەی لەسینەمادا ئەنجامی داوە لەزۆر بۆنەدا ئاماژەی بەفیلمی زۆربا داوەو بەلای ئەوەوە ئەو لەو فیلمەدا چێژێكی تایبەتی وەرگرتووەو پێی وابووە ستایلی ئەو فیلمە بۆ ئەو تایبەت بووەو خۆشی وەك ئەكتەر زۆر چێژی لەكاراكتەرەكەی خۆی بینیووە كە رۆحێكی نوێ ی بە (ئەنتۆنی كوین)ی مرۆڤ بەخشیووە.

بۆیە ئەنتۆنی كوێن لەناو هەوادارانی خۆشیدا هەمیشە پەنجەی شانازی بۆ درێژ دەكرێت بۆ ئەو ئەدا جوانەی لەو فیلمەدا بەتایبەت لەئەدای سەمای زۆربادا بەدەستی هێنا، بۆیە لەتەمەنی 85 ساڵیدا و لە ئاهەنگێكی تایبەتیدا لەمەكسیك جارێكی دیكە ئەنتۆنی كوین ئەو سەمایەی لە سەر شانۆدا پێشكەش بەهەوادارانی خۆی كردو هەموو هۆڵەكەی هێنایە سەما .

بۆیە لەزۆر كاتدا كە بیویستایە خۆی پێناسە بكات دەیگوت من زۆربام ..

لەبەر ئەوەی زۆربا ئەو فیلمە بوو كە (ئەنتۆنی كوین) كەسایەتی راستەقینەی خۆی تێدا دەدۆزییەوە ودەیزانی ئەو فیلمە نەمرییەكی پێ دەبەخشێت ..

خەڵكانێكی زۆریش وا مەزەندەیان دەكرد كە ئەنتۆنی كوین یۆنانیە ..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP