دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئیدریس بارزانى سەرکردەى ئازادیخواز و دونیابینییە مێژووییەکانى بۆ خەباتى رزگاریخوازی کوردستان

نوسینی: جواد كاظم محمد
وەرگێڕانى هەرێم نیوز
ئیدریس مستەفا بارزانى لە ساڵی 1944 لە کوردستانى عێراق لە دایکبووە، لەنێو خێزانێکدا کە سەرجەم ژیانى خۆیان بۆ خەباتى رزگاریخوازیی کوردستان تەرخانکردووە، باوکی واتە جەنراڵ مستەفا بارزانى، سەرکردەیەکى مێژوویی و کەسایەتییەکى خەباتگێڕ بووە لە پێناوى مافەکانى کورددا لەبەرامبەر سیاسەتى سەرکوتکەرانەدا، ئیدریس بارزانى لەو کەشە سیاسی و سەربازییەدا گەورە بووە، ئەو کەش و ژینگەیە پربوو لە ململانێ و سەرکەوتن ، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەى هەر لەسەرەتاى تەمەنییەوە تێیدا رەنگبگرێت و بۆ دوایش رێگەى بۆ رووناک بکاتەوە.
پێگەیشتن و کاریگەرییەکانى باوکی:

سەردەمی منداڵى ئیدریس بارزانى لەژێرسایەى ململانێکانى بنەماڵەکەیدا بوو لە دژى حکومەتەکانى ناوەند، لە ساڵی 1947 باوکی دوورخرایەوە بۆ یەکێتى سۆڤیەت دواى ئەوى کۆماری کوردستان لە مەهاباد رووخا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەى کە زیاتر لەنێو سیاسەتدا رۆبچێت، ئەم ئەزموونە سەرەتاییە لەنێو ناخی ئیدریسی منداڵدا رەگێکى قووڵى داکوتا، تا وایلێهات خەبات بکاتە ئەو رێگەیەى کەرامەتى نەتەوەیی و سەربەخۆیی سیاسی لێوە بەدەستبهێنێت بۆ گەلەکەى.

سەرەڕای ئەو دۆخە ناهەمووارە، ئیدریس بارزانى هەستى بەوەکردبوو کە خوێندن و ئاستى رۆشنبیریی بۆ سەرکردە زۆر پێویستە، هەربۆیە لە دوورە وڵاتیش دەستى لە خوێندن هەڵنەگرت و بەردەوام بوو، لەو رێگەیەوە تواناکانى سەرکردایەتى وەرگرت ، بەجۆرێک توانى بیکاتە ئەو کەسایەتییەى کە لەنێو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردستاندا دواتر جێگە دەستى دیار بێت.

رۆڵی لە سەرکردایەتى بزووتنەوەى رزگاریخوازیی کوردستاندا:

ئیدریس بارزانی وەک سەرکردەیەکی سیاسى و سەربازیی بەتوانا لەگەڵ مەسعودبارزانى برای و پێشمەرگەکانیاندا لە سەرەتاى شەست و حەفتاکانی سەدەى رابوردوەوەو رۆڵی لەبەرچاویان هەبووە، کاتێک ناکۆکییەکانى بزوتنەوەى رزگاریخوازی کوردستان لەگەڵ حکومەت عێراق گەشتنە لووتکە، ئیدریس بارزانى رۆڵی سەرەکی هەبووە لە رێکخستنى پێشمەرگەو ئیدارەدانی سەربازیی و دانانى پلانی سەربازیدا، جگە لەوەش پلانى دانا بۆ رێکخستنەوەى پارتى و چۆنیەتى پەرەپێدانی لە هەموو لایەکەوە بۆ ئەوەى ببێتە بزووتنەوەیەکى گشتگیریی کوردایەتى.

بەجۆرێک لە ساڵی 1974ـەوە رۆڵی سەرکردایەتیکردنى بە ئاشکرا دەرکەوت، بەتایبەتى لەکاتێکدا کە حکومەتى عێراقى کێشەى بۆ رێککەوتنى نێوانیان دروستکرد کە لە بەیانى 11 ئازاری 1970 نەخشەى بۆ کێشرابوو، ئیدریس بازرانی لەو کاتانەدا باوەڕی وابوو دەبێت جەخت لەسەر سێ خاڵی سەرەکی بکرێتەوە: 
1- یەکڕزیی نیشتمانى لەنێو عێراقدا: بۆ ئەو مەبەستە ئیدریس بارزانى تێدەکۆشا رێگریی لە پەرتبوونى ناوخۆیی و دابەشبوونى کورد بگرێت کە هەرەشەیەکى گەورەبوو لە سەر بزووتنەوەى کوردایەتى.

2- دانپێدانان و شەرعیەتى نێودەوڵەتى: ئیدریس بارزانى بەباشى دەرکی ئەوەى کردبوو کە پێویستە پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ کێشەى کورد پەیدابکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندیی لەگەڵ زلهێزەکاندا دەبەست بەتایبەتى ئەمریکا و سۆڤیەت، بەجۆرێک کارى دەکرد کە نەشکێتەوە بە لایەکیاندا دژ بە لایەکی تریان.
3- دامەزراوەیی: ئیدریس بازرانى هەمیشە جەختى دەکردەوە لەسەر گرنگی سەروخواریی لە رێکخستنەکاندا، باوەری بە رێکخستن هەبوو، بەتایبەتى لەنێو پارتیدا زۆر گرنگی پێدەدا، ئەوەش لە پێناوى بەردەوامی خەباتدا لە هەردوو بوارى سیاسی و سەربازییدا.

تێڕوانینى مێژوویی بۆ خەبات:ئیدریس بارزانی دیدگایەکی مێژویی هەبوو بۆ سروشتى ململانێ و کێشەکانى کورد، ئەو بەجۆرێک سەیرى خەباتى چەکداریی دەکرد کە هەندێکجار زەرورەتێکى بێ چەن و چوون بووە، بەڵام باوەڕیشی وابووە کە تەنها رێگە نەبووە بۆ بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکان، لەو باوەڕەدا بوو کە چارەسەریی سیاسی و دبلۆماسی بەشێکى دانەبڕاو بووە لە ستراتیژییەتى بزووتنەوەى رزگاریخوازیی کورددا.
تێڕوانیینەکانی لەسەر بنەماى راست خوێندنەوەى بوو بۆ مێژووی کورد، کە پریەتى لە نموونەى سەرکەوتن و تێکشکان، ئیدریس بارزانى وانەیەکى لە رابوردوو وەرگرتبوو، ئەوە لەوە تێگەشتبوو کە ناکۆکیی ناوخۆیی هۆکاری سەرەکی هەڵوێستەکانى کوردە لەبەرامبەر حکومەتە جۆراوجۆرەکانى عێراقدا، بۆیە هەمیشە کاری بۆ بەهێزیی پەیوەندییەکان دەکرد لە نێوان چین و توێژەکانى کورددا، باوەڕی وابوو سەقامگیریی ناوخۆیی بەردی بناغەى بەدەستهێنانى ئامانجە گەورەکانى کوردە.

لە هەمان کاتدا تێگەیشتنێکى روونى هەبوو بۆ هۆکارە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانیش ، ئەو باوەڕی وابوو، پێگەى ستراتیژیی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەى ببێتە گۆڕەپانى ململانێی وڵاتە زلهێزەکان، ئەوەش ئەوەى لە سەرکردەکانى کورد خواستووە کە بە نەرمونیانى و شارەزایی و لێزانینى تەواوەوە لەگەڵ روداوەکاندا مامەڵە بکەن و دەست و پەنجە نەرم بکەن و بۆ ئەو مەبەستە ستراتیژیەتى سیاسى و دوور مەوداى  بۆ پارتى دارشتوەتەوە .
ئاڵنگارییەکانى بەردەمى :

ئیدریس بارزانى لە ژیانى خۆیدا روبەڕووی کێشەى زۆرو زەوەندە بووەتەوە، لەوانەش فشارى سەربازیی و سیاسی لە لایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، دابەشبوون و لەتبوونى هێزە کوردییەکان لەناوخۆدا، سەرەڕای ئەوانەش توانیویەتى بە حیکمەت و لێزانینى خۆی بۆ داهاتوو بەردی بناغەى زۆر بابەتى سیاسى دابرێژێت.

ئیدریس بارزانى لە ساڵی 1987 بەهۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچى دوایی کرد، لەدواى خۆی میراتێکی دەوڵەمەندی لە بەهاو بیروباوەر بۆ نەوەکانى دواى خۆی بەجێهێشتووە، ئەوانیش وەک کەسایەتییەکى بەهێز سەیری دەکەن کە لەنیوان ئازایەتى پێشمەرگانە و سەربازیی و دونیابینی و لێزانیبنى سیاسی تێدا کۆبووەتەوە، ئەوەش وایکردووە ببێتە سیمبولی خەباتى رزگاریخوازیی بۆ بەدەستهێنانى ئازادی بۆ کورد.
ئەو وانانەى پێویستە لە ئەزموونەکەى وەربگیرێت:

ئیدریس بارزانى لە ژیانى خۆیدا فێرمان دەکات سەرکرایەتى پێویستە لەنێوان بوارى سەربازیی و سیاسیدا هاوسەنگی دروستبکات، خوێندنەوەى مێژوو و دەرهاویشتەکانى وامانلێدەکات کە دوور بکەوینەوە لە هەڵەکانى رابودوو تا بتوانین داهاتوویەکی باشتر بونیادبنێن.
ئیدریس بارزانى نموونەو سیمبولى دادپەروەرانەبووە بۆ خەباتێکى رەوا و شەرعی، توانیویەتى نەهامەتییەکان بقۆزێتەوە بۆ هەلى بەدەستهێنانى بەرهەمی نەتەوەیی، لەگەڵ مەسعود بارزانى برایدا و لەپێش ئەوانیشەوە باوکیان رێگەیەکیان بەرەو بەدەستهێنانى خواستەکانى کورد بدۆزنەوە سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکانى بەردەمیان، تێڕوانینى مێژووییانە و نموونەى سەرکردایەتیکردنى وامان لێدەکات کە باوەڕمان بە ئازادی و دادپەروەیی هەبێت، ئێستاش لەدواى خۆی بەڕیز نێچیرڤان بارزانى بەجێهێشتووە کە سەرۆکی هەرێمى کوردستانەو میراتگریی مێژوویی و سەردەمییانەى ئەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP