دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

بوومه‌له‌رزه‌ی خێزان

د.ژیان احمد پزیشکی خێزانی و دەروونی

كاتێك بوومه‌له‌رزه‌ ماڵه‌كان ده‌هه‌ژێنێ ئیدی هه‌مووان به‌پڕتاوی جێی ده‌هێڵن و دێنه‌ده‌ر، هه‌ركه‌ زه‌مینله‌رزه‌ نه‌ما ئینجا ده‌گه‌ڕێنه‌وه نێو ماڵ‌! ده‌زانن بۆ؟ چونكه‌ ژیان له‌ ماڵێك ناگوزه‌رێ كه‌ له‌ هه‌ژاندابێت! چونكه‌ ناجێگیری و هه‌ژانی ماڵ مه‌ترسی ڕووخان و كاول بوونی هه‌یه‌! له‌وانه‌یه‌ هه‌مووان بكه‌ونه‌ ژێر دار و په‌ردو...

ئه‌دی ئه‌و ماڵه‌ی له‌ ڕووی سۆز و خۆشه‌ویستی و ته‌باییه‌وه‌ له‌ هه‌ژان و له‌رزیندایه‌ و بوومه‌له‌رزه‌ی لێكتێنه‌گه‌یشتن و ڕق و نه‌زانین ده‌یهه‌ژێنێ! ئه‌وا منداڵه‌كان ناچارن ڕابكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، تا دڵنیا نه‌بنه‌وه‌ له‌ ئارامی و ئاسایش و به‌رقه‌رابوون، جورئه‌ت ناكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ماڵه‌كه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ‌هه‌ژانی به‌دبه‌ختی و نائارامی درێژه‌ی هه‌بێت، ئه‌وا په‌ڕاگه‌نده‌ ده‌بن و ده‌بن به‌ نێچیری ڕاوچییه‌ مرۆڤخۆره‌كان...

ئه‌و ماڵانه‌ی گه‌وره‌ و بچوكیی تیا نه‌ماوه‌، شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه‌ی به‌رده‌وام، جنێو و قسه‌ی ناشیرین، منه‌تكردن و به‌چاودادانه‌وه‌، به‌باكردنی كای كۆن، كاوێژكردنی هه‌ڵه‌ و ناته‌واوییه‌كان، هه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌ری زێراب و ڕووداوه‌ تاڵ و بێزراوه‌كان، درۆ و بوختان و به‌لاڕێدابردن... ده‌یان ده‌رد و به‌ڵای تر بووه‌ به‌ هێزێكی ڕووخێنه‌ر و هه‌موو ڕۆژێك به‌ گوڕی چه‌ندین پله‌ی ڕێخته‌ر ماڵه‌كه‌ ده‌هه‌ژێنێ ئیتر به‌ناچاری منداڵه‌كان ڕاده‌كه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ترسی بومه‌له‌رزه‌ نایه‌ڵێ له‌ژێر سه‌قفی ماڵێكی ئارامدا بۆ تاوێك ئۆقره‌ بگرن. تكایه‌ با ماڵه‌كان له‌ بوومه‌له‌رزه‌ بپارێزین تا منداڵه‌كان ئارام بن و مرۆڤی ته‌ندروست ده‌رووندروست و خاوه‌ن متمانه‌ و كه‌سایه‌تی به‌رز و به‌هێز پێبگه‌ن...

داتا و زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌‌ خراپی دۆخی خێزان و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی هه‌زاران منداڵی بێ سه‌لیقه‌ و قوربانی ده‌كه‌ن... هه‌رگیز نابێ هه‌وڵی تاك و خێزان بۆ چاكسازی و په‌روه‌رده‌ی مرۆڤی باش و به‌هێز به‌كه‌م ببینرێن. پاڵه‌وانن ئه‌وانه‌ی له‌م ڕۆژگاره‌دا توانیویانه‌ زه‌مینه‌ بۆ خێزانێكی ئارام و ته‌با و پڕ له‌ موحیبه‌ت بسازێنن و ببنه‌ شوره‌ی پۆڵایین بۆ سه‌لامه‌تی جه‌سته‌ و ده‌روون و فكر و ئاكاری ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP