هێمن ئەحمەد
لەوانەیە حاڵەتە خۆ کوژیەکانی ئێستای نێو کۆمەڵگە، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بێت زیاتر لە ئەوەی کاریگەری ؛ تێکچونی باری دەرونی، خەمۆکی، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، کێشەی کۆمەڵایەتی، کێشە ئابوری، قەیرانی جۆرا و جۆر، لەدەستدانی خۆشەویستان، بێ هیوابون و ڕەشبینی، نەدۆزینەوەی ڕێگەچارە و بە بنبەست گەیشتنی کێشەکان بێت.
ئەم بابەتە خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە. کەم ڕۆژ لەژیانمان گوزەر دەکات بەبێ بیستنی یان بینینی دیاردەیەکی خۆکوژی، ئیتر هۆکارەکە دیار بێت یان نادیار.
هەرچەند ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەکانی تری ئەوروپا و ئەمریکادا نوێ نیە و سەردەمانێکە بونیان هەیە. کە هەندێک جاریش خۆکوشتنەکانیان بە کۆمەڵ دەبوو. ئەم دیاردەیە لەدوای قەیرانی کۆرۆناوە و لەساڵانی ڕابردودا، بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو گەنجانی فەرەنسادا ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان ( ۲٥بۆ ۳٤) لەبرەودایە، هۆکارەکەشی بە پلەی باڵا دەگەڕێتەوە بۆ خەمۆکی. ئەم دیاردەیە لە هەمان وڵاتدا و لەساڵی ۲۰۲۱ کێرڤی لە هەڵکاشاندا بو بەڕێژەی ٪٤٠.ئەم دیاردەیە تەنها لەو وڵاتە باو نیە، بەڵکو لەوڵاتانی ئەسکەندناڤی و ئەمریکا و کەنەداش لە برەودایە.
هەرچەند، لەکۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی و مسوڵمان نشین و تایبەتریش لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئئێستا زۆر شاز بوە و بگرە نامۆش بوە.بەڵام لە ئێستادا بەداخەوە ڕۆژانە لێرە و لەوێ ئەم حاڵەتە بەرچاو و گوێ دەکەوێت.
ئینجا ئەم دیاردەیە تەنها چواردەوی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی نەتەنیوە، بەڵکو لە هەمو چین و توێژ و کەرت و ئاستەکانی کۆماڵگەدا بونی هەیە لە (هەژار و سەرمایەدار،سەربازی و مەدەنی، ڕۆشنبیر و نەخوێندەوار،بە تەمەن و گەنج).
هۆکاری سەرەکی ئەم خۆکوشتنانەش هەمو ئەو کاریگەریە هەمەلایەن و نادروستانەن کە بونەتە مۆتەکە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان و دەرونی خەڵکیان زۆر ماندو کردوە، لە زوڵم و نادادی و سوکایەتی پێکردن و جەنگی دەرونی.
بەڵام دەبێت مرۆڤ هەرگیز لە هیچ دۆخێکدا بیر لە خۆکوشتن نەکاتەوە، گیان و ژیانی بەهیچ شتێکی تر نەگۆڕێتەوە و نرخی زیندو مانەوەی لەسەر و هەمو شتێکی ترەوە ببینێت.
چونکە خۆکوشتنت هیچ شتێک چارە سەر ناکات و چەندان کێشەی گەورەتر بەدوای خۆیدا دێنێت. وە دەبێت خۆمان ڕابێنین لەگەڵ دۆخە نالەبار و نەگونجاوەکاندا و گۆڕانکاریەکانی سەردەم قبوڵ بکەین هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی چواردەورمان.