دواین هەواڵ

کلتور‌

 12/09/2024

نیتشە ‌و پاش تازەگەری

شوان ئەحمەد

ئەگەر هەموو هەوڵدانێك بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی مۆدێرنە، مەحكوم بێت بە تێگەیشتن لە فەلسەفەی ڕینێ دیكارت، ئەوا بێگومان تێگەیشتن لە فەلسەفە پاش تازەگەری ‌و پۆست مۆدێرن، پێویستی بە تێگەیشتن لە فەلسەفەی فەیلەسوفێكی مەزنی وەك فردریك نیتشە هەیە.

پرسیاری یەكەمی ئەم كتێبە، بەوە دەست پێدەكات كە بۆچی پێویستە لە نیتشە تێبگەین؟

لەڕاستیدا تێگەیشتن لە نیتشە ‌و فەلسەفەكەی، تێگەیشتنە لە دنیای تازەو لەو قۆناغە مێژوییە سامناكەی، لەدوای ئەوە دەست پێدەكات.

ئەوە شتێكی بەڵگە نەویستە كە لە مێژووی فەلسەفەدا، هەریەكێك لە فەیلەسوفەكان، ڕۆڵی خۆیان لە گەشەكردنی بیركردنەوەی فەلسەفیدا بینیووە، بەڵام لەو هەمووەدا چەند فەیلەسوفێك توانیویانە، سەرەتایەكی تازە و نەریتێكی میتافیزیكی جیاوازتر بخەنەگەڕ.

ئەڵبەتە فریدریك نیتشەی فەیلەسوف، یەكێكە لەوانە. لەم كتێبەشدا نوسەر ئەوەمان بۆ ڕوندەكاتەوە كە چۆن ئەم بیریارە، سەرەتایەكی نوێ‌ ‌و نەریتێكی میتافیزیكی تازە دێنێتەئاراوە کە بە (پۆست - مۆدێرنە) یاخود بە پاش - تازەگەری ناودێركراوە.

سەدەیەك سەروترە نیتشە ژیانی جێهێشتووە، بەڵام بە درێژایی ئەو سەدەیە باس لە ژیان‌ و فەلسەفە ‌و دنیابینی ‌و تێزە ژێرە و ژوركەرەكانی ئەو دەكرێت. كەم كایەی ڕۆشنبیری لەم دنیایەدا هەیە، چەندین باس‌ و كتێب ‌و لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو فەیلەسوفە نەبێت.

لە هەمبەر نیتشە ‌و فەلسەفەكەیدا كەس ناتوانێت بێلایەن بێت، یان ئەوەتا خۆشت دەوێت ‌و ئاوێتەی دەبیت، یان بە نەفرەتی دەكەیت ‌و دەكەویتە سەنگەر لێگرتنی.

كتێبەكانی ئەو: (زەرادەشت وەهای وت، مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە، ژینالۆژیای مۆراڵ، ئەنتی مەسیح، زانستی، شاد، ئاوابونی بتەكان، لەودیو چاكە ‌و خراپە)وە، بۆ دەیان زمانی زیندوی جیهان وەرگێڕدراون‌ و بونەتە سەرچاوەی فیكری ‌و فەلسەفی، چەندین قوتابخانەی ئەدەبی ‌و هونەری ‌و فیكری ‌و ..... هتد.

ئەم هەوڵەی د. محەمەد كەمال لەم كتێبەیدا، بۆ ئەوەیە خوێنەری كورد بە زمانی كوردی، بە یەكێك لە فەیلەسوفەمەزنەكانی خۆرئاوا ئاشنا بێت. تەواوی لێكۆڵنەوەكەش لە دوو بەش پێكدێت.

بەشی یەكەم/

شیكردنەوەی بیركردنەوەی فەلسەفی نیتشەیە، لەسەر تراژیدیا و هەڵوەشاندنەوەی بناغەی میتافیزیكی ڕوناكبین ‌و بەستنەوەی تراژیدیای بوونی مرۆڤ، بەو (هەڵوەشاندنەوەیە)وە ‌و لە دایكبونی بەرزە - مرۆڤ ‌و گەڕانەوەی هەمیشەیی ‌و داهێنانی بەهاكان ‌و بەكارهێنانی میتافۆر، لە شێوازی دەربڕینی فەلسەفیدایە.

بەشی دووەم/

مامەڵە لەگەڵ فەلسەفەی نیتشە و پاش "نیتشە دەكات ‌و لەسەر بە نازیكردنی بیروباوەڕی نیتشە ‌و پاككردنەوەی ناوی نیتشە بەو گەندەڵییە ڕامیارییە، لەلایەن هایدیگەر و تێگەیشتنی هایدیگەر لە نیتشە ‌و كاریگەرێتی نیتشە بەسەر بۆچونەكانی پاش - تازەگەریەوە دەدوێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP