دواین هەواڵ

کوردستان‌

 25/08/2024

مه‌سرور بارزانی: بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە

هەرێم نیوز

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یادی سی و شه‌ش ساڵه‌ی قوربانییانی ئه‌نفالی بادینان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و ده‌ڵێت:پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە .

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت:

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، لە دوا قۆناغی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال ، ڕژێمی بەعس، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دەڤەری بادینانی شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی ئەو ناوچەیەشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو،بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیانە ، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لە ناوببەن.

لەم یادەدا ، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە .

لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لە تواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات.

سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/8/25



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP