دواین هەواڵ

جیهان‌

 10/07/2024

ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران و میراتگری حکوومەتێکی قەرزار

هەرێم نیوز

لە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێراندا قەبارەی پارەی کاش دوو هێندەی هەموو مێژووی ئابووریی وڵاتەکە زیادی کردووە و قەبارەی قەرزە کەڵەکە بووەکانی حکوومەتیش گەیشووەتە 100 ملیار دۆلار.

ئەم ئامارە فەرمییانەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە حکوومەتی نوێی ئێران، بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان پێک بێت و ئەویش بەڵێنی داوە، بە دامەزراندنی کەسانی پسپۆڕ لە کابینەکەی تاکوو کێشە ئابوورییەکان چارە بکات و ڕێگە نەدات خەڵکی ئێران بە برسیێتی سەر بنێتەوە.

بەپێی ئامارە نوێیەکانی بانکی ناوەندیی ئێران کە دوێنێ یەکشەممە 7ی تەممووز بڵاو کراوەتەوە، لە ئابی 2021دا کە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، حکوومەتەکەی ڕادەستی ئیبراهیم ڕەئیسی کرد، پارەی کاشی ئێران نزیکەی 3.9 هەزار ترلیۆن تومەن بووە، بەڵام تا مانگی ئاداری ئەمساڵ پارەکە گەیشووەتە 7.9 هەزار ترلیۆن تومەن و لە مانگی ئاداریشەوە تا ئێستا هیچ ئامارێک بڵاو نەکراوەتەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵی 2021 لە بانگەشەکانیدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەڵێنی دا ڕێگە نادات حکوومەت لەوەی هەیە، زیاتر قەرزدار بێت و چاپکردنی پارەی کاش ڕادەگرێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات، کەچی لە نوێترین ئاماری بانکی ناوەندی ئێراندا هاتووە، قەرزەکانی سەر حکوومەت لە سێ ساڵی کابینەکەی ڕەئیسیدا دوو هێندە کەڵەکە بووە و چاپکردنی پارەی کاشیش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی حکوومەت دوو هێندە زیادی کردووە.

بانکی ناوەندیی ئێران، لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە قەبارەی قەرزی بانکەکانی لای حکوومەت بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام ئامارەکانی مانگی شوبات دەری دەخەن، قەرزەکانی حکوومەت زیاتر لە 1.3 هەزار ترلیۆن تومەنە.

هاوکات سەندوقی پەرەپێدانی نیشتمانیی ئێران ئاشکرای کردووە، قەبارەی قەرزەکانی حکوومەت گەیشووتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار و ئەو ژمارە گەورەیە لە یەک لەسەر چواری تەواوی ئابووریی ئێران گەورەترە.

سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیش پێشبینیی کردووە، تا کۆتایی مانگی ئاداری 2025 قەبارەی پارەی کاش لە ئێران بە ڕێژەی%33 زیاد بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کەمتر لە مانگێکی دیکە، کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران ڕادەستی سەرۆککۆماری نوێ، مەسعود پزیشکیان دەکرێت و ئەویش لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ڕەخنەی لە چاپکردنی هەڕەمەکییانەی پارەی کاش و زیادبوونی هەڵاوسان گرت و بەڵێنی داوە لە ڕێگەی دامەزراندنی پسپۆڕانی ئابوورییەوە کێشەکان چار بکات و ڕێگە نەدات چیتر ئێرانییەکان شەوانە بە برسێتی سەر بنێنەوە.

هاوکات حوسێن ڕاغفەر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ئابووری، ڕایگەیاندووە، نزیکەی 6 بۆ 7%ی خەڵکی ئێران داهاتی ڕۆژانەیان هێندە کەمە کە بەشی بژێوی نانەزگیش ناکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP