هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: تاوەکوو سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگرەکەی نەگۆڕێت، ناگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەکان.
ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە هەڵپەساردنی ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردەوە.
ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی ئاماژەی بەوە کرد: تاوەکوو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و جێگرەکەی نەگۆڕدرێن، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵپەساردنی ئەندامێتیان لە ئەنجوومەنەکە.
لەبارەی هۆی وەرگرتنی ئەو هەڵوێستە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: ئەو بڕیارە نایاسایی و دوور لە نەریتی ڕێککەوتنە سیاسییەکان لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە دەرچووێنراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و جێگرەکەی لێی بەرپرسیارن.
ڕۆژی 4ـی تهممووزی 2024، فراكسیۆنی نهینهوای یهكگرتوو (نینوی موحدة) له ڕاگهیهندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردووە، له ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕوو دەدات، مهبهستیانه بۆ ڕای گشتیی ڕوونی بكهنهوه، ناکۆکی بەردەوامی ناو ئەنجوومەنەکە بۆ چەند هۆیەکی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان بریتییه له لاوازی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەن و ناکارامەیی سەرۆکایەتییهكهی لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتیەکانیدا، بۆیە داوای لابردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگرەکەی دەکەن.
ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی هەردوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی نەینەوا مووەحەدە کە ئەو دوو فراکسیۆنە خاوەنی 13 کورسی ئەنجوومەنەکەن، بڕیاریدا گۆڕان لە پۆستی حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بکات.
دوای ئەوەش هەردوو فراکسیۆنی پارتی و نەینەوا مووەحەدە، ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنەکە هەڵپەسارد و گۆڕانکارییەکانیشیان ڕەت کردەوە.
هاوکات ڕۆژی (3ـی تهمموزی 2024) دهستهی باڵای ههماههنگیی له نێوان پارێزگاكان له ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێكی ئاراستهی ئهنجوومهنی پارێزگای نهینهوا كردووه و تێیدا داوا دهكات بڕیارهكانی تایبهت به گۆڕینی ژمارهیهك له سهرۆكی شارهوانی، بهڕێوهبهری یهكه ئیدارییهكانی شارۆچكه و شارهدێكان كه ڕۆژی سێشهممه 2ـی تهممووزی 2024 دهرچووه، ڕابگرێت.