هەرێم نیوز
زیاتر لە 900 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان، کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمن دادەمەزرێن. جێگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەمزووانە رێکاری کارگێری و دەستبەکاربوونیان تەواو دەبیت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، "بەڵێنەکانمان بەرامبەر دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمن و دەرچووی (2020- 2021)ـن جێبەجێکرد و پلەی وەزیفیان بۆ دابینکرا و دادەمەزرێن".
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژە و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان، پەرلەمانتاران و بەرێوەبەرانی گشتی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکمان کرد تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی هەرێم بۆ ساڵی (2020-2021) کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت، ژمارەی دەرچووەکان زیاترە لە 900 دەرچوو، توانرا ئەو ژمارەیە پلەی وەزییفیان بۆ دابین بکرێت و دابمەزرێندرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەسالی 2022دا، 860 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان دامەزران و ئەوەی دانەمەزرابوو ئەمرۆ ئەوانیش کێشەکانیان چارەسەر کران و بەمنزیکانە رێکاری کارگێری و دەستبەکاربوونیان تەواو دەبیت و پیرۆزە.