دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/05/2024

دەزگای ئاسایشی هەرێم گەورە بازرگانێکی قاچاخچی و بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، ناسراوە بە دووپشک دەستگیر دەکات

هەرێم نیوز 

دەزگای ئاسایشی ھەرێم، دەستگیرکردنی گەورە قاچاغچییەکی بازرگانیکردنی بە مرۆڤی راگەیاند کە بە دووپشک ناسراوە. 

دەزگای ئاسایشی ھەرێم بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ھێزەکانی ئاسایش لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری و ھەواڵگیری، ھەروەھا لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی "ئینتەرپوڵ"، توانرا گەورە قاچاغچییەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیربکەن، کە ناسراوە بە دووپشک و رادەستی یاسا کرا. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستاشدا تۆمەتبار بەماددەی پێنج لە یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە. 

ئەوەش هاتووە، دەزگای ئاسایشی ھەرێم دڵنیاییدایە ھاووڵاتیان کە ھیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە و ھێزەکانی ئاسایش بەردەوام روبەڕوی تۆمەتباران دەبنەوە، لەپێناو دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ ھەمووان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر لەسەر ئەم قاچاغچییە کوردە، کەناڵى بی بی سی بنکۆڵکارییەکى ئەنجامداوە و بەوپێیە؛ دوپشک لەلایەن پۆلیسى زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپا و بەریتانیاوە داواکراوە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەم قاچاغچییە لە ساڵى 2016ـەوە کارى بەقاچاغبردنى کۆچبەران دەکات بۆ وڵاتانى ئەوروپا و لەنێوان ساڵانى 2016 بۆ 2019 یەکێک بوە لە دوو سەرەکیترین ئەو کەسانەى کە سەرکردایەتیی گەشتەکانى کۆچبەرانى نایاساییان کردوە لە بەلجیکاوە بۆ فەرەنسا.

لەگەڵ ئەوەى پێشتر بەرزان لە بەریتانیا لەسەر کەیسى ماددەى هۆشبەر چەند ساڵێک دەستگیر کراوە و دواتر دیپۆرت کراوەتەوە، چەند جارێکیش لە سزا دەربازى بوە و 121 تۆمەتیشى ئاڕاستە کراوە، لە ساڵى 2022 بە نائامادەبو دادگایی کراوە و سزاى 10 ساڵ زیندانى و 970 هەزار دۆلارى بەسەردا سەپێنراوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP