دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکەمین کاروانی حاجیان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەستیپێکرد و یەکەم کاروانی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نیشتەوە.

رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٠٧:٣٠ی بەیانیی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی حاجییان کە لە ١٤٧ حاجی پێکهاتبوون، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە گەشتەکانی دیکەی ئەمڕۆ، بەرپرسی ڕاگەیاندنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دووەم کاروان کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ دەگاتەوە و پڕۆسەکە تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو بەردەوام دەبێت.

بڕیاریشە لەمڕۆدا ٧ فڕۆکە بگەنەوە هەرێمی کوردستان کە کۆی گشتیی حاجییەکانیان ١،٠٢٤ حاجییە.

رۆژگار جەعفەر ئەوەشی خستەڕوو کە پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان تاوەکو ١٠ی ئەم مانگە (حوزەیران) بەردەوام دەبێت، و ڕۆژانە لە ڕێگەی ٥ تاوەکو ٧ فڕۆکەوە حاجییان دەگوێزرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمساڵ کۆی گشتی ٥ هەزار و ١٢٠ حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە، بەڵام لەو ماوەیەدا دوو حاجییان لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەکەدا کۆچی دواییان کرد. پڕۆسەی ڕۆیشتنی حاجییان بۆ سعودیە لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ەوە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەستیپێکردبوو و تاوەکو ١٧ی هەمان مانگ بەردەوام بوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP