دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانى:پێشمەرگە لەدایکبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسکی گەلی کوردستانە

هەرێم نیوز

بارزانی لە پەیامێکی فەرمیدا وەڵامی ئەو لایەنە سیاسییانەی دایەوە کە لەم دواییانەدا باسیان لە پرسی چەک و پێگەی هێزی پێشمەرگە کردووە، و ڕایگەیاند،، کە پێشمەرگە لەدایکبووی خوێن، ڕەنج و فرمێسکی گەلی کوردستانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ـی ٦ـی ٢٠٢٦، بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە، و ئاماژەی بەوە کردووە،، کە ماوەیەکە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتووەتە ئاراوە، هەندێ لایەن باس لە چەکی پێشمەرگە دەکەن و لەو بارەیەوە لێکدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنەڕوو.

بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی گەڕانەوە بۆ مێژوو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە،، کە پێویستە هەموو لایەک ئەوەیان لەبیر بێت کە پێشمەرگە بە فیداکاریی گەلی کوردستان دروست بووە؛ چەکی پێشمەرگەش تەنیا پارچە ئاسن، جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بارزانی پێناسەی ڕاستەقینەی هێزەکەی خستەڕوو، و ئاماژەی بەوەش کردووە،، کە چەکی پێشمەرگە بریتییە لە مێژوو، فیداکاری، کەرامەت و بیروباوەڕی؛ هاوكات ئەو چەکە گوزارشتە لەو سۆز و پابەندبوونە قووڵەی کە پێشمەرگە هەمیشە بۆ پاراستنی گەل، خاک و نیشتیمانەکەی هەیەتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP