دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

ئێران تەنها چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نیگەرانی خۆی لە ڕێبازی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەربڕی. دەڵێت ئێران تەنها چەندهەفتەیەکی کەمی ماوە بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی.

رافائیل گرۆسی دەڵێت: پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن دەستیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرا بگات و، هاوکات پیتاندنی زۆری یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی زیاتربوونی نیگەرانییەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران.

بە پێی ڕاپۆرتی DW، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئەم میدیایە ئەڵمانییە، گرۆسی ڕایگەیاند ئێران "تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە نەک چەند مانگێک" بۆ بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

ناوبراو وتیشی: بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێران چەکی هەیە یان لەم ماوەیەدا چەکی ئەتۆمی دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕوونیشی کردەوە کە "هەرچەندە مایەی نیگەرانییە بۆ گەیشتن بە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی سەربازی، بەڵام ناتوانرێت بەو ئەنجامە بگەین کە ئێران لە ئێستادا خاوەنی چەکی ئەتۆمییە".

 گرۆسی ئاماژەی بەوەکرد: ئامانجەکانی ئێران لەم بوارەدا ڕوون نین و  تەنیا دەتوانین گریمانە لەو بارەوە بکات.

لە ساڵی 2015 تاران ڕێککەوتنێکی لەگەڵ گرووپی 5+1 سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی واژۆ کرد.  به پێی ئەم ڕێککەوتنه، تاران دەبێت له بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران، چالاکییه ناوەکییەکانی سنووردار بکات و گەرەنتی ئاشتیخوازانەی چالاکییەکانی بکات.

بەڵام ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزای فراوانی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش وایکرد ئێران وردە وردە لە بەڵێنە ناوەکییەکانی پاشەکشە بکات.

چەند مانگێک دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن لە سەرەتای ساڵی 2021، ئێران و پێنج زلهێزی جیهانی (فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و چین) بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا، دانوستانیان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە دەستپێکرد.

بەڵام دانوستانەکان کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاشەوە ئاسانکاری بۆ کرا، لە هاوینی 2022دا گەیشتە بنبەست.

ئێران ئێستا پەرە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەدات، لەوانەش زیادکردنی ژمارە و خێرایی و ڕێکخستنی سانتریفیوژەکان، بە چەند هێندە زیاتر لە سنووری دیاریکراوی خێرایی و پیتاندنی 3.67% کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دا دانراوە. ئێران تا ئاستی 60% سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە، کە ئەم ڕێژەیە زۆر نزیکە لە لە 90% کە ئاستی پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP