دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

هەڵبژاردنى کوردستان: لە وتەکانى بارزانییەوە تا لێدوانەکانى بەرپرسان لە دیدراى زانکۆی ئەمریکی

هەرێم نیوز

پرسی هەڵبژادنى پەرلەمانى کوردستان رۆژەڤی هەشتەمین دیداری سلێمانى زانکۆی ئەمریکى بوو، ئەو پرسە هەمووانى سەرقاڵکردبوو بە خۆیەوە و لەناویشیاندا هەڵوێستەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان کە هەمووان جەختیان لەسەر زەرورەتى تەواجود و بوونى پارتى بوو لە نێو پرۆسەکەدا و زۆرینەش جەخیتان لەوە دەکردەوە بە بێ پارتى رەنگە ئەستم بێت هەڵبژاردن بە ئاسایی و سانایی بەڕێوەبچێت.

لە لایەکى تریشەوە بارزانى هەر ئەمڕۆ رایگەیاند دواخستنى هەڵبژاردن بۆ ماوەى چەند مانگێک گرنگترە لەوەى هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت تیایدا مافى دەنگدەران و پێکهاتەکان پێشێل کرابێت، بارزانى راشیگەیاند،
یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی کێشەکانی هەڵبژاردن دەکەن و سەرنجەکانی پارتییان بەجدی وەرگرتووە.

لە لایەکى تریشەوە بارەگای بارزانی لە زاری باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپاوە بڵاویانکردووەتەوە کە : هەڵبژاردن بەبێ پارتی سەركەوتوو نابێت.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەشتەمین دیداری سلێمانیدا لە وتارێکدا گوتى "بۆ ئەوەى ئاشتى بێتەکایەوە پێویستە رێککەوتنى گشتى بکرێت".

لەبارەی بەشداریکردنی پارتیش لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکراکرد کە "دەتوانین بە بەشداری و رەزامەندیی هەموو لایەک هەڵبژاردن ئەنجامبدەین. هەروەها راشیگەیاند "دەبێت هەڵبژاردنێکی روون و دادپەروەرانە بکەین کە هەموولایەک لێی رازی بن". هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆ قورسایی و پێگەى پارتى دیموکراتى کوردستان، هەرچەندە سەرۆکى یەکێتیش ئاماژەى بەوە کردووە کە هەڵبژاردن  لە وادەى خۆیدا دەکرێت، بەڵام نەیشاردەوە کە نەبوونى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پرۆسەکەدا ئاسان نابێت، لە لایەکی تریشەوە لاهورى شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەى گەل و هاوسەرۆکی پێشووى یەکێتى هیواخوازی خۆی راگەیاندووە کە یەکێتى بیتوانیایە بە بێ پارتى پرۆسەکە ئەنجام بدات و سەبارەت بەو وتەیەى قوباد تاڵەبانیش کە دەڵێت لە ماڵی خۆمان سندوق دادەنێم لە هەولێر لاهور رایگەیاندووە ئەو جۆرە هەنگاوو لێدوانانە چارەسەرى دۆخەکە ناکات و بە ئاشکراش رایگەیاندووە چەندە زووتر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت هێندە زامنى پاراستنى قەوارەى هەرێم مسۆگەرتر دەکات.

لە هەولێر بارزانی لە میانى  پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق، پرسی هەڵبژاردنەکانى بە روونى خستوەتە ڕوو کە هیچ ماناو پاساوێک هەلناگرێت:
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک ئاماژەی بەوەداوە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.

 بارزانی جەختیشی لەوە كردوەتەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها شێوازێکی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP