د. محەمەد مەخلوف
شوان ئەحمەد كردوویەتی بە كوردی
شتگەلێكی زۆر لە دەورمانەو لە گەڵماندا دەژین و رەگەزێكی ژیانی مۆدێرن پێكدێنن، بەڵام كەمجار رێدەكەوێت رامان بگرن و پرسیار لە بنەماو رەوتی بەرەوپێشچوونیان بكەین.
یەكێك لەو شتانە دەرگایە كە لەڕێی ئەوەوە داخڵ بە ماڵەكانمان دەبین و لە پشتی ئەوەوە، خۆمان لە سەیر و سەرنجی ئەوانی دی مەڵاس دەدەین. دەرگا ئەو پنتەیە كە دەكەوێتە نێوانی دوو دنیا، دنیای دەرەوە و دنیای ناوەوە.
(ئیتنۆلۆگی دەرگا)، بابەتی نوێترین كتێبـی باسكاڵ دیبـییە كە مامۆستایە لە زانكۆی سۆربۆن لە فەرەنسا. لە دەستپێكی كتێبەكەدا نووسەر دەپرسێت: (دەرگا یانی چی و چی دەگەیەنێت؟). لە وەڵامدا دەڵێت: (بەر لەهەر شتێ دەروازەیەكە بۆ دەرەوە، بۆ ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن). بەم پێیە لێرەدا چەمكگەلێكی وەك (ناوەوە و دەرەوە، كراوە و داخراو، دڵنیایی و مەترسی)و چەندین دوالیزمەی تر، مانای خۆیان دەبێت.
هەر لە دووتوێی كتێبەكەیدا باسكاڵ دیبـی، دەڵێت: (لە دێر زەمانەوە مرۆڤ راهاتووە بەوەی ئەو شوێنانە تۆكمە و قایم بكات كە تیایدا دەخەوێت، هەروەك چۆن راهاتووە چواردەوری ئەو زەوییە پەرژین بكات كە خۆی خاوەنیەتی.. ئەڵبەت بەم شتانەش ویستویەتی خێزان و گوند و شارەكەی بپارێزێت).
یەكێك لەو شتانەی مرۆڤ هە رزوو پەنای بۆ بردووە، دەرگا بووە. بۆیە لەهەموو جێ و شوێنێك دەیبینین، بەڵام بە قەوارەو ستایل و رەنگی جیاجیا.
شایانی باسە لەگەڵ دەرگای ئاسایدا، دەرگاگەلێكی دیكە هەن بوونەتە نموونەیەكی بەرز و دیار و مێژوو بە نەمری هێشتوونیەتەوە، وەك (دەرگای عەشتار) لە بابل. هەروەها دەرگای گریكیمان هەیە، لەگەڵ دەرگاكانی تاقی سەركەوتنی رۆمانی كە جەنگاوەرەكان و سەركردەكانیان لێوەی دەهاتنە ژوورەوە.
سەرەڕای چەندین دەرگای تر كە لە خەیاڵدانی مرۆڤدا هەن، وەك (دەرگاكانی بەهەشت و دەرگاكانی دۆزەخ). لەناو هەموو ئەمانەدا (دەرگای عەشتار)، لە هەموویان كۆنترهو ئێستاش لە مۆزەخانەی (بیرگام)ە لە وڵاتی ئەڵمانیا.
نووسەر بەوردی باس لەوەش دەكات كە لەگەڵ گەشەكردنی شارەكان و رێكخستنەوەیان بەشێوەیەكی مۆدێرن، ژمارە لەسەر دەرگاكان دانران و شێوازی چوونە ژوورەوەش گۆڕانی بەسەرداهات.
لەلایەكی دیكەوە (باسكاڵ دیبـی) جەخت لەوەش دەكاتەوە كە شارستانیەتەكان، بۆچوونی جیاجیان لەسەر دەرگا هەبووە. بۆ نموونە ژیاری خۆرئاوا دەرگا وەك پنتێك سەیر دەكات كە مرۆڤ لە دەرەوە دادەبڕێت، بەم پێیە دەرگا مانای بەربەست و خاڵی جیاكەرەوە دەگەیەنێت. لە كاتێكدا لای خۆرهەڵاتییەكان بەگشتی، دەرگا تەعبیرێكی رەمزییە بۆ ماڵی مرۆڤێك كە هی خۆیەتی و تایبەتە بەخۆی.
لەخۆرئاوا دەرگا ئامرازێكە بۆ پاراستنی ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان، بەڵام بۆ خۆرهەڵاتییەكان تەنێكە بە بەردەوامی خۆیان لە پشتییەوە دەشارنەوە. لە ڕووی ستاتیكییەوە رەنگ و رووی دەرگا لە وڵاتانی ئاسیا مانای تایبەتی هەیە.
لەلایەكی ترەوە نووسەر باسی ئەوەش دەكات، كردنەوەی دەرگا بە ڕووی دەرەوە یان بە ڕووی ناوەوە، مانای خۆی هەیە. لە وڵاتانی ئەفریقادا بە گشتی دەرگا بە ڕووی دەرەوەدا دەكرێتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی بیرۆكەی داخران و بەخۆدا چەمانەوە، بەهیچ جۆرێك لە ئەفریقادا نییە.
هەر بۆیە قفڵی دەرگا داخستن تەنها لە ڕووی دەرەوەدا هەیەو هەر كاتێك خاوەن ماڵ لە ماڵەوە بوو، دەبێت دەرگای لەسەر پشت بێت، بەڵام لە كۆمەڵگا خۆرئاواییەكاندا دەرگا بەڕووی ناوەوەدا دەكرێتەوە.
سەبارەت بە ڕۆڵ و كارەكتەری دەرگاوانیش، باسكاڵ دیبـی دەڵێت: (ئەم مۆدێلە لەگەڵ ئەو پرۆسەی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی شاری پاریسدا دەستیپێكرد كە ناپلیۆنی سێیەم بڕیاری لە سەرداو هۆسمان هەستا بە جێبەجێكردنی، ئەویش دوای رووخان و تێكوپێكدانی دەیان هەزار خانوو. ئەو ماڵ و باڵەخانانەی نوێكرانەوە، لەبەردەم هەر یەكێكیاندا شوێنێك بۆ پاسەوان و دەرگاوانەكان تەرخانكراو بە وەش وەزیفەیەكی نوێ زیادیكرد، بەو پێیەی ئەو كارە تازەیە چوونە دەرەوەی نەدەویست، رێژەیەكی زۆری ژنان ئەو كارەیان دەكردو بوونە دەرگەوان).
ئەمە وایكرد كارەكتەری دەرگەوان لە ئەدەبی فەرەنسیدا رۆڵی هەبێت و چەندین رۆمان هەن كارەكتەری دەرگاوانیان تێدایە، بەو پێیەی دەرگاوان نهێنی هەموو ئەو كەسانە دەزانێت كە لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێن. لە پەنجاكانی سەدەی رابردووشدا كارەكتەری دەرگاوان، لە سینەمای فەرەنسیدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو.
دواجار دەبێت بڵێین دەرگا بۆ هەر مرۆڤێك، گوزارشتە لە كولتوور و تەعبیرە لە هەڵوێستی ئەو مرۆڤە لە ئەوی دی و لە ژیان بە گشتی.