دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 4 هەفتە

وەزیری بەرگری عێراق دەڵێت لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنمان نیە دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان

هەرێم نیوز

وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێکكەوتنیان نییە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

وەزیری بەرگریی عێراق لە لێدوانێکی بۆ تەلەفزیۆنى حەدەسى سعودى، رایگەیاند "هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا نییە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست"یان لەقەڵەم دەدات و ناوبەناو هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر بنکەکانیان لە باکووری عێراق".

وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی تورکی ئەگەر هەستبکات بە کاریگەریی هێزە عێراقییەکان لەسەر سنووری عێراق، ئەوا بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی لە ناو خاکی عێراقدا ناهێڵێتەوە.

سابت عەباسی جەختیکردەوە، دەستووری عێراق، رێگە نادات بە دەستوەردانی دامەزراوە ئەمنییەکان لە کاروباری سیاسی، لە ئێستادا سەرۆکوەزیران بایەخی تەواو دەدات بە بەهێزکردنەوەی ژێرخانی سوپای عێراق.

ئەو وتانەی وەزیری بەرگریی عێراق لە کاتێکدایە، لەسەرەتای ئەم مانگەدا، هەریەکە لەوەزیرانی دەرەوە و بەرگری و هەواڵگری تورکیا سەردانی بەغدادیان کرد، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی هاوبەشی جێی بایەخی هەردوو وڵات، بە تایبەت دۆسیەی ئاو و ئاسایشی سنورەکان و پارتی کرێکارانی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری بەرگری عێراق لەبارەی سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا وتی:" یەکێک لە تەوەرە لە پێشینەکان کە لەسەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە مانگی نیسانی داهاتوودا باسی لێوەدەکرێت، پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق بەشێوەی پلەبەندی."

وەزیری بەرگری عێراق باسی لەوەکردووە: "ئەمەریکا بیر لە رێگە و کاتی کشانەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی دەکاتەوە و لەوبارەیەوە گفتوگۆکان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن."

هەروەها وەزیری بەرگری عێراق ئاشکرای کردووە:" لەگەڵ ئەمەریکا رێککەوتووین جیاوازی بکرێت لە گۆڕەپانی عێراق و سووریا سەبارەت بە پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بە ئاماژەدان بە روانگەی ئەمەریکا دەشڵێت: رەنگە گۆڕەپانی سووریا پێویستی بەمانەوەی ئەو هێزانە هەبێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP