دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 20/03/2024

جوان ڕۆژبەیانی: پارتی نایەوێت بچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە پێشوەختە کورسییەکانی بۆ دانرابێت

محەمەد جەمال – هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر حکومەتی عێراق بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، لەوانەیە پارتی لە بەغدا بکشێتەوە.

جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وا وێنا دەکرێت کە دادگای باڵای فیدراڵی حوکمی بەسەر هەموو جومگە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستاندا گرتووە، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەمووی نادەستوورین و ئەو مادانەی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش کە لەدەستووردا هاتووە، دانی پێدانانێت.

باسى لەوەش كرد، کە دادگای فیدراڵی چەندین بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش کە بەم دواییە هەموارکراوەتەوە ڕەتکردۆتەوە.

دەشڵێت:" ئەو کوردستانەی کە سیمای پێکەوەژیانە و دیموکراسی تێدا بەرجەستە دەکرێ، دادگای فیدراڵی دەیەوێ لەناوی ببات یاخودا لاوازی بکات."

ئاماژە بەوەش دەکات ،کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆئەوەی شەرعییەت بە پەرلەمانی کوردستان بدات و هەڵبژاردن تێیدا ئەنجام بدرێت، هەمیشە ئامادە بووە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی کە دیراسە کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان چەند خاڵێکی بۆ ڕوون بۆتەوە و نایەوێت بچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە پێشوەختە کورسییەکانی بۆ دانرابێت.

ڕوونیشی دەکاتەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێ بچێتە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دیموکراسییانە و خەڵک دەنگی خۆی بدات، چونکە گەل ئێستاش متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە.

جەخت لەوەش دەکاتە، کە پارتی دەیەوێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ دەستێوەردانی وڵاتانی تر بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقیش بە ڕۆڵ و ئەرکی خۆی هەڵسێت.

ئاماژەی بەوەشكردەوە، ئەگەر کۆمسیۆن لەژێر کاریگەری هەندێک وڵات و حزب دابێت و دەنگەکانیش لە بڕی هەولێر لە بەغدا یان شوێنی تر جیا بکرێنەوە، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان نەتوانێت سەرپەرشتییان بکات و تانە لە بڕیارەکانی هەڵبژاردن بدات یاخود هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت، پارتیش ناچێتە ژێرباری ئەو هەڵبژاردنەوە.

رۆژ بەیانی وتيشى، عێراق دەیەوێ وردە وردە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لەناو ببات، دادگای فیدراڵیش لە ئێستادا کاری بۆتە یاسا دەرکردن و جێبەجێکردن و ڕۆڵی حکومەت و پەرلەمان دەگێڕێت، هەروەها بڕیارەکانیشی هەمووی بڕیاری سیاسین و لە دژی هەرێمی کوردستانن.

هێما بۆ ئەوەشدەكات، نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو ئەو وڵاتانەی کە لێرە ڕۆڵیان هەیە، دەبێت دوای بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەستن بە ئەرکی خۆیان، بۆئەوەی بزانن هۆکارەکان چین کە پارتی دیموکراتی کوردستان نایەوێ بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکات.

سەبارەت بە مانەوە یاخود کشانەوەی پارتی لە حکومەتی عێراق، ڕۆژبەیانی ئاشکرای دەکات، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مانەوە یاخو کشانەوە لە ئێستادا لە دیراسەکردن دایە، ئەگەر حکومەتی عێراق بەو شێوەیە بێت بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، لەوانەیە پارتی ئەو بڕیارە بدات و لە حکومەتی عێراق بکشێتەوە، بەڵام دواجار جەنابی سەرۆک بڕیار دەدات کە چێ بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP