دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13/03/2024

د. ئارام برادۆستی: چوار بازنەیی دادوەرترین سیستەمی هەڵبژاردنە

محەمەد جەمال – هەولێر

شارەزایەکی هەڵبژاردن و بواری دەستوور باس لە شێوازەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت" کە ئەم سیستەمە دادوەرترین سیستەمی هەڵبژاردنە.

د. ئارام نەجمەدین برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەرێم نیوز گوتی، ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەکاردێت، هەمان سیستەمی هەڵبژاردنی ڕابردووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو کە پێی دەوترێت سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی.

وتیشی، ئەم سیستەمە دادوەرترین سیستەمی هەڵبژاردنە، لەبەرئەوەی بە گوێرەی ئەم سیستەمە دەنگی پارتە سیاسییەکان بۆیان هەژمار دەکرێتەوە و بۆیان دەمێنێتەوە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا زۆرترین سود لە دەنگەکانیان وەردەگرنەوە.

دەشڵێت، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە کوردستان دابەشی سەر چوار بازنە بووە، ئەمەش بۆ پارتەکان، بەتایبەتی بۆ ئەو پارتانەی کە لە خولی پێنجەم یەک کورسییان هەبوو، یاخود کورسی ناوەندیان هەبوو، گرفتیان بۆ دروست دەبێت، چونکە بە پێی ئەم سیستەمە هەر پارتێک لە بازنەیەک ئەگەر نەتوانێت کورسییەک مسۆگەر بکات، ئەوا دەنگەکانی دەفەوتێ و ناتوانێ لە بازنەیەکی تر سود لەو دەنگە فەوتاوانەی وەربگرێت.

ئارام نەجمەدین ڕوونیشى دەکاتەوە،کە ئەم شێوازی هەڵبژاردنە کەمتر کاریگەری لەسەر پارتە گەورەکان دەبێت، هەروەها ئەو زیانەی بەر پارتە بچووکەکان دەکەوێت، لەبەرژەوەندی پارتە گەورەکان تەواو دەبێت، بەمەش گۆڕانکاری لە پەرلەمان دروست دەکات و کاریگەری لەسەر جۆرایەتی پەرلەمان دەبێت.

سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکیش لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سیستەمی هەڵبژاردن چ بە شێوەی یەک بازنەیی یاخود چوار بازنەیی بەڕێوەبچێت، بابەتی دەسوەردان وەک یەکە، واتە هیچ جیاوازییەکی نابێ، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی ئەلیکترۆنییە، هەروەها ڕێکارەکان زۆر بە وردی دانراون، بۆیە بابەتی دەستێوەردانیش وا ئاسان نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP