هەرێم نیوز
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایگەیاند، بەمەبەسـتی رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی زیاتر سـوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بڕیاردرا پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون ڕابگرین.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی 2ی 2024، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەسـتی رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی زیاتر سـوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجـوومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارکردن لە پرۆژەی نوێی نیشتەجێبوون رابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت.
دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی وەبەرهێنان داوای لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کردووە یارمەتیدەر و هاوکار بن، تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاراستەکراو بکرێت، بە تایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە هەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژەیە، لە ئامارێکی دەستەی وەبەرهێناندا هاتووە، کە تەنها لە ساڵی 2023دا، 154 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە، کە سەرمایەکەیان چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، و هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.