دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/01/2024

سعودییە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەکاتەوە

هەرێم نیوز

سعودییە نیازی وایە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی خۆیدا، لەڕێگەی کردنەوەی فرۆشگایەک لە شاری ڕیازی پایتەخت، مافی ڕێگەپێدان بۆ فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی بۆ دیپلۆماتە ناموسڵمانەکان دەربکات. بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا فرۆشگاکە بکرێتەوە.

بەپێی چەند بەڵگەیەک کە بەدەستی ئاژانسی ڕۆیتەرز گەیشتووە، دەردەکەوێت کە فرۆشگایەکی نوێ بۆ ئەم بابەتە دەکەنەوە، شوێنەکەشی لە ناوچەی دیپلۆماتکارانە لە شاری ڕیاز، ئەو ناوچەیەش باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتەکانی وڵاتانی بیانی تێدایە و هاتنوچوون بۆ هاوڵاتییە موسڵمانەکان زۆر بەتوندی سنووردارکراوە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی ڕۆیتەرز دەستیکەوتووە، دەریدەخات، کڕیارەکان دەبێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکی مۆبایلەوە  ناوی خۆیان بۆ کڕینی مەشروب تۆماربکەن، کۆدێکی کاڵاش لە وەزارەتی دەرەوە وەربگرن. پێویستیشە کڕیاران ڕێز لە مانگە پیرۆزەکانی ئەو وڵاتەش بگرن.

لە وڵاتی سعودییە تا ئێستا خواردنەوە کحولییەکان نایاساییە و ئەگەری هەیە سەرپێچیکردن لەم یاسایە، سزای وەکو پێبژاردنی نەختینەیی، زیندانیکردن یان لێدانی قامچی و دەرکردنی پەنابەران لە وڵاتەکەیان، ڕووبەڕووی سەرپێچیکار ببێتەوە. بەڵام لەوکاتەوەی محەممەد بن سەلمان بەڕێوەبردنی وڵاتی گرتووەتە دەست، بەتایبەتیش کە سعودییە میوانداری و ڕووداوی گرنگ و جیهانی بەخۆوەبینیوە، بابەتی خواردنەوا کحولییەکان ئاسانکاری زۆرتری بۆ کراوە. بڕیاریشە وڵاتی سعودییە میوانداری جامی جیهانی تۆپی پێی 2034 بکات.

سەرچاوەیەکیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە، دیپلۆمات و نوێنەرای وڵاتانی بیانی لە سعودییە، پێشتر تەنها لەڕێگەی "جانتای دیپۆلماتیک"ەوە دەیانتوانی دەستیان بە خواردنەوە کحولییەکان بگات. مەبەستیشی لەو جانتایانەیە کە بەبێ چاودێری گومرگی و ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانەوە دەگەیشتە دەستی نوێنەرە بیانییەکان لە وڵاتی سعودییەدا.

ئەم هەنگاوە وەک خاڵێکی وەرچەرخان سەیردەکرێت لە مێژووی وڵاتەکەدا، ئەمەش لەژێر ڕێبەریی محەممەد بن سەلماندا، بۆ کردنەوەی وڵاتەکە بەڕووی وڵاتانی جیهان بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری و بازرگانی، لەکاتێکدا سعودییە لەڕووی ئاینییەوە داخراوبوو لە پێشوودا. بۆیە ئەم جۆرە بڕیارانە زۆرجار تووڕەیی و ناڕەزایەتی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، بەپێی ئەوەی سعودییە بەتایبەت مەککە و مەدینە دوو شوێنی پیرۆزی موسڵمانان لەو وڵاتەن.

ئەم هەنگاوە لە دیوە فراوانترەکەیدا بەشێکە لە پلانەکانیان کە ناویان لێنابوو "ڕوانگەی 2030" سعودییە بۆ گرەنتیکردنی ئابووری "پاش-نەوتیی" لە وڵاتەکەیاندا.

تا ئێستا ڕوون نیە کە کۆچبەرە ناموسڵمانەکانی دیکە ڕێگەپێدراون لەوەی لەم فرۆشگایە کڕین بکەن یاخود نا، چونکە ملیۆنان کۆچبەر لە سعودییە دەژین، ئەگەرچی ژمارەیەکی هەرەزۆریان کرێکاری موسڵمانانی وڵاتانی ئاسیایی و میسرن.

جگە لە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، لە هیچ شوێنێکی دیکەی سعودییە خواردنەوە کحولییەکان ڕێگەپێدراو نیە. لەم حاڵەتەشدا هەندێک کەس لەناوماڵەوە دروستیدەکەن و کەسانێکی دیکەش لە بازاڕی ڕەش و تۆڕی قاچاغ دەستیاندەکەوێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP