دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/01/2024

ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ ٧٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مه‌هابادی كوردستانی ئێران تێدەپەرێت.

کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد، وڵاتێکی کوردی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیست دا و لە دوای کۆماری ئارارات لە باکووری کوردستان دامەزرا.

پایتەختەکەی شاری مەھاباد بووە کە ئەکەوێتە باکووری خۆراوای ئێران. دامەزران و لەناوچوونی کۆمار ڕاستە بەشێک بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێکەوتبوو، ئەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریکا و سۆڤییەت دا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بەناوی کوردستان، پێشینە لە مانگی ئابی ١٩٤١، راپەڕینێکی جەماوەریی جڵەوی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی میری ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەکی لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیری سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست.

پارتێکی ڕامیاری بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەممەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.

دەستکەوتەکان
کۆماری کوردستان وەک بزاوت و راسانێکی نەتەوەیی، لەلایەن لێکۆڵەر و مێژوونووسانی کوردەوە وەک دەستپێکی شۆڕشی نوێی کورد دێتە ئەژمار، کەسێتییەکی نوێ و سەردەمیانە بە تاکی کورد لە باری شوناسخوازی وشیاری نەتەوەیی دەبەخشێ ‌و، لە ئەنجامدا باوەڕ بە خۆبوون ‌و خودئاگایی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان ‌و، تاکی ھوشیاری کورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی.

ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان ‌و نیشانەیەکی روونیشە بۆ شوناسخوازی ‌و رەسەنایەتیی رۆڵە بە ئەمەکەکانی ئەو گەلە و، ھەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لە ژێر ئەو ھێما ‌و سیمبۆلە نەتەوەییەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بکەن.

پێکھێنانی سوپای میللی ‌و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا، باوەڕ بە خۆپاراستنی لە تاکی کورددا چێ کرد، کە تا ئێستاش لەوپەڕی بێ ‌ئیمکاناتیدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە وزە و ھێزی پێدەبەخشرێ.

وەڕێخستنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب ‌و پەرتووک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی، دەستکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەمجار ئەو پەیامەی بە تاکی کورد و کۆمەڵگەکەی دا، کە زمان یەکێک لە بنچینەکانی پرسی نەتەوەخوازی و فاکتەرە گرینگەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردییە.

ئێستا کە٧٨ ساڵ بەسەر دامەزرناندی تاقانە کۆماری کوردستان تێدەپەرێت، وەک لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی کوردستان و نموونەیەک لە هاوخەباتی و یەکدەنگیی کوردان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی باسی دەکرێت.

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP