هەرێم نیوز
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانەی ھێرشە بێ پاساوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات و ئەم ھێرشە بە ناڕەوا و تاوانکاری دەزانێت و ئامانجیشی تێکدانی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوییە.
ئەمڕۆ سێشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشە موشەکیەکەی بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم ھێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێ تاوان.
ئاماژەبەوەشدرا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیھان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژی ئیرھاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفی ھاوسێیەتییە بگرن و چیتر ھاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی.
دەقی ڕاگەیاندراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەداخێکی زۆرەوە، جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە پاساوی بێ بنەما لەڕێگای ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و درۆنەوە ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان کە زیانێکی زۆری گیانی لێکەوتەوە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم ھێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێ تاوان. ئەم ھێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوییە و، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراقە.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیھان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژی ئیرھاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفی ھاوسێیەتییە بگرن و چیتر ھاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، ھەروەھا حکوومەتی فیدراڵ ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و سەروەری عێراق ئەنجامدات و چیتر وەکو پێشوو لە ئاست ئەم ھێرش و دەستدرێژیانە بی ھەڵوێست نەبێت.
لەکۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەھیدانی ئەم ھێرشە تاوانکارییە دەکەین و ھیوای تەندروستی و زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ی ١ی ٢٠٢٤
لەکۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم هێرشە تاوانکارییە دەکەین و هیوای تەندروستی و زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
مەکتەبى سیاسیى
پارتى دیموکراتى کوردستان
١٦ى ١ى ٢٠٢٤