دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/12/2023

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سودانی و دوو وەزیرەکەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

هەرێم نیوز

سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە وه‌زیرانی ناوخۆ و دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرد، لە دیداری نێوانیان جەختیان لەسەر هامەهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان و یەکخستنی سیاسەتی گومرگی کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پێشوازی لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە میانەی دیدارەکەی نێوانیان بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کران، هەروەها باس لە کۆمەڵێک دۆسیەی ئەمنی و دارایی کران، باس لە ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شووباتی ساڵی داهاتوو کرا.

ئەوەش هاتووە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر هامەهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی سیاسەتی گومرگی کردەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی یاوەریان گەیشتنە شاری بەغداد.

لایخۆشیەوە، وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنووریەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP