هەرێم نیوز
کارەبای سلێمانی دەستپێکردووە بە کۆکردنەوەی ئەو ریکلامە بازرگانیانەی بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵواسراون.
سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئێمە ساڵانە لەم جۆرە هەڵمەتانە ئەنجام دەدەین، ئەمساڵیش لە دوێنێ شەممە 10.5.2025ەوە هەڵمەتەکەمان دەستپێکردووە، هەموو ئەو تابلۆیانە لێدەکەینەوە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵواسراون.
باسی لەوەشکرد، ئەو ستوونانە بۆ ئەوە دانەندراون ریکلامی بازرگانییان پێوە هەڵبواسرێت، چونکە زیانی گەورە دەگەیەنن بە تۆڕەکانی کارەبا، بەهۆی ئەوەی بە لەحیم دادەنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سووتان و دروستکردنی خاڵی ژەنگاوی لەسەر ستوونەکان و جگە لەوەش لە کاتی رەشەبادا دەبێتە هۆی جوڵاندنی زیاتریان و زیان بە تۆڕەکان دەگەیەنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەڵمەتەکەیان لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی ئەنجام داوە و ئێستاش هۆبەکای دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی و هۆبەکانی چاککردنەوە سەرقاڵی لێکردنەوەی ئەو ریکلامە بازگانیانەن و لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت.