هەرێم نیوز
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانەی بڵاوکردنەوانەی لە پێشانگای کتێبی سلێمانی بەشدارن خاوەنی مۆڵەتن و رێ لە هیچ کتێبفرۆشێکی ئیسلامی و عەلمانی نەگیراوە، ئەوانەشی گلەیی دەکەن با پێشانگا پڕبکەن لە کتێبی فکر و فەلسەفە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان رایگەیاند: لە ڕێگای بەشی یاسای وەزارەت بۆ ماوەی (45)ڕۆژ لە ڕۆژنامەكانی "كوردستانی نوێ" و ڕۆژنامەی "هەولێر" ئاگاداری بڵاوكردەوە، بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم ڕێكارە یاساییەكان بۆ سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، داواكراوه هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە، تەنیا ئەم دەزگایە نەبێت "دهزگای چاپ و پهخشی ئهتڵهس"، كە ئێستا پێشانگهكەی كردووهتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای ڕۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین .
رونیشیکردەوە، هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عهلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگهكەدا ڕێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون. ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ ڕێگرییەك هەیە؟.
سەبارەت بە کتێبە ئاینییەکان کە قسەو باسێکی زۆری لەسەرە، وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند: ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساغ نییە، هەموان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا ڕێكخراوە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئەوەشی ئاشکرا کردوە، دەقی یاساکەش بریتییە بە پێی یاسایی چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە (10) ساڵی 1993 لە ماددەی دوەمدا دەڵێت، ڕەقابە لەهەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاوڵاتییەک سەربەستە لەدەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە.