هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دیلان یەشیلکۆژ، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان شەرمەزار کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر گرژی و شەر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەربڕی.
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا، ستایشی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە. بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنە کرد و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان شانشینی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە بواری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری دەربڕی.