دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 06/11/2023

تێگەیشتن لە ڕەفتار سەیرەکان: شیزۆفرینیا چیە؟

رەنج سەردار

شیزۆفرینیا حاڵەتێکی دەروونی ئاڵۆز و توندە، کە کار لە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هەستەکانی کەسێک ئەکات، شیزۆفرینیا تەنها دروستکردنی خەیاڵ نیە، بەڵکو نەخۆشیەکە کە ساڵانە چەنەها کەس تووشی ئەبێت لە جیهاندا، بۆیە با بڕۆینە قوڵاییەوە و هەڵی وەشێنین

شیزۆفرینیا ئەو حاڵەتە درێژخایەنە دەروونیەیە کە بیرکردنەوە و ڕەفتار و هەستەکنی کەسێک تێک ئەیات، شیزۆفرینیا دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکە هەندێک دەنگ ببیستێت، هەندێک شت ببینێت یان باوەڕی بە هەندێک شت هەبێت کە بوونیان نەبێت، ئەم شتانە دەتوانێت کەسەکە بکات بە کەسێکی زۆر ترسناک و هەندێک کار بکات کە زیانی گەورەی هەبێت

هۆکاری نەخۆشی شیزۆفرینیا دیاری نەکراوە بەتەواوی، بەڵام تا ئێستە پێیان وایە کە بۆماوە و ژینگە و کۆمەڵێک هۆکاری دەماری ئەبنە هۆی تووشبوون بە شیزۆفرینیا

ـ لە هۆکارە بۆماوەییەکاندا هیچ جینێکی دیاریکراو نابێتە هۆی تووشبوون بە شیزۆفرینیا، بەڵام ئەگەر خێزانەکەت کەسێکی تووشبوویان تیابێت ئەوە ئەگەری تووشبوونت زیاترە، کەواتە هۆکاری بۆماوەیی جیاوازی هەیە

ـ لە هۆکارە دەماریەکاندا بینراوە کە پەیوەندیەک هەیە لەنێوان شیزۆفرینیا و تێکچوونی باڵانسی دەمارەگوێزەرەوەکانی مێشکدا، بەتایبەت ماددەکانی وەکو دۆپامین و گلوتامەیت، لەگەڵ ئەوەشا تێکچوونی وەرگرەکانی سێرۆتۆنین کاریگەریان هەیە بە هەمان شێوە، هاوکات تێکچوونی شکڵ و شێوازی ئیشکردنی مێشک تێبینیکراوە لە کەسانی تووشبوودا

ـ هۆکارە ژینگەییەکان وەکو تووشبوونی دایک و باوک بۆ هەندێک جۆری میکرۆب، کەمی خۆراک، وە قوەلەقی لەماوەی سکپڕی دایکدا، هاوکات ئەگەر باوان ماددە بەکار بهێنن بەهەمان شێوە کاریگەری ئەبێت لەسەر تووشبوون بە شیزۆفرینیا

ـ هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی وەکو سترێسێکی زۆر، تەنیایی و کەمی هاوکاری و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی پەیوەندیان هەیە بە پەرەسەندن و دروستبوونی شیزۆفرینیا
ـ هەندێک دەرمانی دیاریکراو ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن

ـ تاسان و تراوما لە تەمەنی مناڵیدا

ـ زانایان بەڵگەیان دۆزیەوە بۆ پێشنیارکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە هەندێک ماددەی ناو حەشیش دەبنە هۆی شیزۆفرینیا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە زانایانی تر پێشنیاریان کردووە کە بە هۆی هەبوونی شیزۆفرینیا هەندێک کەس ڕوو دەکەنە حەشیش

نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا:

١)نیشانە پۆزەتیڤەکان:
ـ خەیاڵکردن، کە ئەزموونی هەستی هەڵەیان هەیە ئەم کەسانە، لە هەمووشی باوتری دەنگی هەڵە و خەیاڵیە، هاوکات ئەکرێ شتی خەیاڵیش ببینن

ـ هاوکات هەڵگری باوەڕی خەیاڵین، بۆ نمونە ئەکرێت پێی وابێت هەمووان لەدژی ئەو پلان ئەگێڕن، یانیش خۆی زۆر پێ گەورە و تایبەت بێت، یانیش پێی وابێت کۆنترۆڵی لەدەست یاوە و هەموو شتەکانی ئەو لەلایەن هۆکار و لایەنە دەرەکیەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە، بۆ نمونە ئەڵێن بیرکردنەوەکانمان هی خۆمان نین

ـ بیرکردنەوەی ڕێکنەخراوە، بیرکردنەوەیەکی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ئاڵۆز کە ئەبێتە هۆی قسەکردنی پێکەوە نەبەستراو و پارەچە پارچە، بەجۆرێک ناتوانن بیرکردنەوەکانی خۆیان ڕێک بخەن، وای لێیەت پێکاهتەی لۆجیکی بیرکردنەوە و قسەکانی ناتەواو ئەبێت

ـ هاوکات هەندێک کات جوڵە و ڕەفتاری نائاسایی و هەڵە ئەکەن کە پێشبینی ناکەیت

٢)نیشانە نێگەتیڤەکان:

ـ قسەکردنی کەم و ناتەواو، بە جۆرێک کە کەسەکە کەم قسە ئەکات یان قسەکانی مانایەکی کەمی تیایە
ـ وایان لێیەت چیژ زۆر لە شتەکان وەرناگرن، یانیش ئەو شتانەی پێشتر چیژیان هەبوو چیتر چێژیان نامێنێت
ـ ناتوانن پەیوەندی مانادار دروست کەن لەگەڵ ئەوانی تر و بەرەو تەنیاییان ئەبات

٣)نیشانە هزریەکان:

ـ یادگەی لاواز کە ناتوانێت بەباشی شتەکانی بیرکەوێتەوە
ـ تەرکیزی لاواز و بێ توانایی لە هێشتنەوەی تەرکیزیان لەسەر یەک شتی دیاریکراو
ـ بێ توانایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان، پلان دانان و بڕیاردان
نیشانە سەرەتاییەکانی وەکو دوورکەوتنەوە لە خەڵک و کەمی دەربڕینی هەستەکان و کەمبوونەوەی گرنگی دان بەخود و لاوازبوون لە خوێندن و ئیشدا گرنگە، تا زووتر بناسرێتەوە باشترە
لەکاتی تووشبوونی خۆت یان کەسێکی ناسراوت بەم حاڵەتە پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی دکتۆری دەروونی بکەن

چارەسەری نەخۆشی شیزۆفرینیا:

چارەسەری تەواوەتی هێشتاکە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک چارەسەر بەکار ئەهێنن کە نیشانەکان کەم ئەکاتەوە و کوالێتی ژیانی کەسەکە زۆر باشتر ئەکات وەکو:

ـ هەندێک دەرمانی دیاریکراو بۆ ڕێکخستنی جەو و کەمکردنەوەی نیشانەکان بەتایبەت نیشانە پۆزەتیڤەکان، بۆ نمونە دژە سایکۆتیکەکان بە کەمکردنەوەی دۆپامینی نێوەندەگرێکان ئەبنە هۆی کەمبوونەوەی نیشانەکانی شیزۆفرینیا، دژە سایکۆتیکەکان ئەکرێن بە دوو کۆمەڵەی کۆن و نوێ

هەردوو کۆمەڵەکە بەکاردێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە بە ڕەچاوکردنی تەمەن، کێش، قەڵەوی، بونی نەخۆشی جەستەیی، و چەند هۆکارێکی تری پەیوەند بە دۆخی نەخۆش، بەڵام بە گشتی کۆمەڵە نوێیەکە پەسەندترە لەبەر کاریگەری لە بەرامبەر هەردوو نیشانە ئەرێنی و نەرێنیەکان، و هەروەها بونی زیانی لاوەکی کەمتر

ـ چارەسەری ڕەفتاری و هزری یان چارەسەری تاک، کە وا لە کەسەکە ئەکات لەگەڵ حاڵەتەکاندا خۆی ڕابێنێت، قسەکردنی باشتر بێت و زیاتر کۆمەڵایەتی بێت
ـ پاڵپشتی کۆمەڵایەتی کە وا لە کەسانی تووشبوو ئەکات فرمانی ڕۆژانەیان جێبەجێکەن و هەلی دامەزراندن و پەوەردەیی پەیابکەن، هاوکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست کەن
ـ خەواندن لە خەستەخانەیا لە حاڵەتی سەختدا
ـ خەوی باش و خواردنی تەندروست و ڕاهێنان کردن سوودی خۆی هەیە لە تەندروستی گشتی کەسەکە و حاڵەتەکەش
ـ چارەسەری خێزانی هەندێک خێزان لە ڕوی زاڵبونی لایەنی سۆزداری و کەم شارەزایی لە مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ نەخۆشەکە و زۆر ڕەخنەگرتن لە قسە، هەڵسوکەوت، و ڕەفتاری نەخۆش وادەکات نەخۆش زوتر نۆبەی نەخۆشیەکەی سەرهەڵباتەوە، لەم حاڵەتەدا، لە ڕێگەی چارەسەری خێزانی، کەس و کاری نەخۆش فێری مامەڵەیەکی دروست و گونجاو لەگەڵ نەخۆشەکەیان دەکرێن، بەمەش ڕۆڵی ئەرێنی لە باردودۆخی نەخۆشەکە ڕەنگدانەوەی دەبێت

ـ چارەسەر بە تەزووی کارەبا، هەندێ نەخۆشی شیزۆفرینیا دووچاری حاڵەتی بە تەختەبوون دەبن، مان لە خواردن و خواردنەوە دەگرن، و مەترسی لەسەر ژیانیان دەردەکەوێت، لەبەر پێویست بوونی زوو چاک بونەوە و نەهێشتنی ئەو مەترسیە لەسەر ژیانی نەخۆشەکە، پەنا ئەبرێتە بەرئەم ڕێگەیە بۆ ڕزگارکردنی زوتری ژیانی نەخۆشەکە

هاوکات پێویستە ئاگاداربین چارەسەری نەخۆشی شیزۆفرینیا بەگوێرەی کەسەکە دائەنرێت و تایبەتە بەو، بۆیە پلانەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر زۆر ئەگۆڕێت

شیزۆفینیا لە لایەن تیمێکی پزیشکیەوە کە پێک دێت لە پزیشکی پسپۆڕی دەرونی، توێژەی دەرونی، توێژەری کۆمەڵایەتی، پەرستار و یاریدەدەری پزیشکیەوە چارەسەر دەکرێت
پزیشکی دەرونی وەک سەرۆکی تیمەکە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی نەخۆشەکە دەکات، بەتایبەت بۆ خێزان و ژینگەی نەخۆشەکە بەگشتی، دواتر ڕێگاکان و شێوازەکانی چارەسەر بۆ نەخۆش و کەسوکارەکەی ڕوندەکاتەوە، پاشان دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەکە دەنوسێت
هیوادارم سوودی هەبووبێت



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP