قسەکردن لەبارەی "کەسانی مەترسیدار" بەس نییە بۆئەوەی منداڵەکەت بپارێزیت لە دەستدرێژی، هەمو منداڵێک پێویستە لە تەمەنی چوار ساڵییەوە جیاوازی لە نێوان دەستلێدانی "ئاسایی" و "نائاسایی" بکات، بەڵام دەبێت بە شێوازێک منداڵەکەت تێبگەیەنیت کە بۆ تەمەنی خۆی گونجاو بێت و ئەو زانیارییانەی پێبدەت کە دەبێت بیزانێت بۆئەوەی هیچ شتێک بە رێگەی هەڵەدا نەڕوات.
لە شوێنێکی بێدەنگ و دور لە سەرنجی خەڵک قسە بۆ منداڵەکەت بکە
یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە شوێنێکی هێمن و بێدەنگ هەڵبژێریت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکەت، بەشێوەیەکی هێمن و ئاسودە گفتوگۆی لەگەڵ بکە و دەستی بگرە، رونی بکەرەوە ئاسایی نییە کە:
- دەست بدات لە شوێنە هەستیارەکانی کەسانی دیکە.
- کەسانی دیکە دەست بدەن لە شوێنە هەستیارەکانی.
- کەسانی دیکە داوای لێبکەن دەست بدات لە شوێنە هەستیارەکانیان.
- ڤیدیۆ و وێنەی کەسانی روتی نیشان بدرێت.
- کەسانی دیکە داوای لێبکەن جلەکانیان بۆ لابدات، یان وێنەی بگرن کاتێک جلی لەبەر نییە.
رێگەی پێبدە دەستلێدانی "پارێزراو و ناپارێزراو" بناسێتەوە
پاش ئەوەی منداڵەکەت فێرکرد، پێویستە لێی بپرسیتەوە بۆئەوەی بزانیت تا چەند تێگەیشتوە لەوەی کە پێتوتوە، دەتوانیت پرسیاری لێبکەیت بەوەی چی دەکەیت ئەگەر کەسێک...؟، هەروەها پێویستە بە منداڵەکەت بڵێیت کە تەوقەکردن، باوەشکردن بە کەسانی متمانەپێکراو و دەستکردنە سەر شان ئاساییە.
پاشان فێری بکە کە دەستلێدان نائاساییە ئەگەر:
- کەسێک هەڕەشەت لێبکات کە بە کەسی دیکە نەڵێیت.
- کەسێک ناچارت بکات دەستی لێبدەیت.
- دەستلێدانێک وابکات هەست بە ترس و دڵەراوکێ بکەیت.
- کەسێک دەستت لێبدات و هەست بە نائاسودەیی بکەیت.
- کەسێک دەستبدات لە بەشێکی جەستەت کە ئارەزو نەکەیت دەستی لێبدات.
- ئەگەر ئازاری دایت.
رونی بکەرەوە کە دەستلێدانی ئاسایی دەکرێت ئازاری هەبێت
پێویستە منداڵەکەت بزانێت هەمو دەستلێدانێک کە ئازاری هەبێت مەترسیدار نییە، بۆ نمونە کاتێک پزیشکێک پشکنینی بۆ دەکات.
لەسەر جەستەی منداڵەکەت شوێنە تایبەتییەکانی نیشان بدە
رەنگە منداڵەکەت زۆر بچوک بێت بۆئەوەی لە وشەکانت تێبگات، دەتوانیت لەسەر جەستەی ئەو بەشانەی نیشان بدەیت کە تایبەتە بەخۆی و هیچ کەسێک مافی نییە دەستی لێبدات، پێویستە زیاتر کراوە بیت لەگەڵ منداڵەکەت.
رونیبکەرەوە کە نابێت نهێنی بێت ئەگەر کەسێک کارێکی لەو شێوەیەی بەرامبەر ئەنجامدا
بەشێکی زۆر لە منداڵان دەترسن لەوەی باسی ئەو دۆخە نەخوازراوانە بکەن کە تێیکەوتون، پێویستە منداڵەکەت فێرکەیت ئەگەر کەسێک بەو شێوەیە دەستی لێدا دەتوانێت پێتبڵێت و ئەوە رەفتارێکە نابێت بیشارێتەوە.
پێی بڵی کە مافی ئەوەی هەیە بڵێت "نەخێر"
70 لەسەدی ئەو منداڵانەی دەستدرێژیان کراوەتە سەر لەلایەن کەسانی متمانەپێکراو بوە، هەربۆیە پێویستە بە منداڵەکەت بڵێیت تەنانەت ئەگەر کەسانی ناسراویش بەشێوەیەک رەفتاری کرد کە منداڵەکەت هەستی بە ئاسودەیی نەکرد، دەکرێت هاوار بکات و بڵێت نەخێر، دەبێت منداڵەکەت بزانێت مافی هەیە کە:
- بڵێت نەخێر بە کەسێک بەشێوەیەکی نائاسایی دەستیلێبدات.
- رابکات لە کەسێک کە دەستی لێدەدات و جارێکی دیکە لەگەڵ ئەو کەسە بە تەنها نەبێت.
- هاوار بکات و داوای یارمەتی بکات.
- باوەڕ بە خۆی بکات و بزانێت کە ئەوە هەڵەی منداڵەکەی تێدانییە.
ناوی ئەو کەسانەی پێ بڵێ کە دەتوانێت متمانەیان پێبکات
بە منداڵەکەت بڵێ لە حاڵەتێکدا ئەگەر روبەڕوی ئەو دۆخە بوەوە، دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ کێ بکات، ناوی چەند کەسێکی متمانەپێکراوی پێبدە، فێری بکە کە نابێت بێدەنگ بێت بۆ حاڵەتێکی لەو شێوەیە و نابێت لە مافەکانی خۆشبێت.