دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/09/2023

سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێشوازی لە خانەوادەی وەستا حەسەنی کەبابچی كرد

هەرێم نیوز 

هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێشوازی لە خانەوادەی وەستا حەسەنی
‎ کەبابچی كرد و رایگەیاند، كەیسەكە رێرەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و دادگا خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت. 

‎لەدیدارەكەدا خانەوادەی وەستا حەسەن سوپاسی هێزەكانی ئاسایشیان كرد كە لەماوەیەكی كورتدا تۆمەتباری كوشتنی (رۆژ حەسەن) دەستگیركرا و داواشیانكرد، لەبەرامبەر خوێنی كوڕەكەیان یاسا سەروەر بێت.

‎لەبەرامبەردا هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادەکەیان، جەختیشیكردەوە كەیسەكە رێرەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و دادگا خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت.

‎سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیاشیکردنەوە، هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نییە و بەتوندترین شێوە رووبەڕووی هەموو هەوڵێك دەبنەوە كە ژیان و ئارامیی خەڵك بخاتە مەترسییەوە. وتیشی، هێزەكانی ئاسایش لەخزمەت سەروماڵی هاوڵاتییاندان و پاراستنیان ئەركی ئێمەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی 28ی ئەم مانگە، له‌ڕوداوێكی ته‌قه‌كردندا له‌ شاری سلێمانی دو كوڕی وه‌ستا حه‌سه‌نی كه‌بابچی برینداركران، یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانیشی بەناوی رۆژ کە تەمەنی 16 ساڵ بوو، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ و پاش گه‌یاندنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. 

دوای كه‌متر له‌ كاتژمێرێكیش له‌ روداوه‌كه‌، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، "هێزه‌كانیان بكوژه‌كه‌یان ده‌ستگیركردوه‌ و هۆكاره‌كه‌ش بۆ ده‌ستشكانه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP