هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ڕێوڕەسمی دانانی بناغەی کارگەی چیمەنتۆی دابین و بەردی بناغەی پڕۆژەكە دادەنێت، كە دەبێتە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی سەردەمی كابینەی نۆیەم.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی ''کارگەی چیمەنتۆی دابین''ی دانا كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەكانی كابینەی نۆیەم و تێیدا وتارێکی پێشکەش کرد، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان دەکەم، زۆر زۆر بەخێر بێن. بەخێرهاتنێکی تایبەتی دکتۆر شینگ ڤان فوو، سەرۆکی پاوەرچاینا و شاندی هاوبەشی دەکەین بۆ کوردستان، زۆر زۆر بەخێر بێن.
بەختەوەرم ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان کە کارگەی چیمەنتۆی دابینە و دەبێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بنیاتنانەوەی کوردستان. دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی دابین و پاوەرچاینا دەکەم بۆ جێبەجكردنی پرۆژەکە و دروستکردنی کارگەکە. هیوادارم ئەم پرۆژەیە وەک بەڵێن دراوە بە کواڵێتییەکی بەرز و لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشیدا هەلومەرجەکانی سەلامەتیی کرێکاران، هەروەها ژینگەپارێزی لەبەرچاو بگیرێت.
بێگومان چ لە قۆناغەکانی دروستکردنی کارگە و چ لە کاتی دەستبەکاربوونیشیدا سەدان هەلی کار دەڕەخسێت کە پێویستە 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پرۆژە و پیشەیەکیش بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و ڕاهێنانیش بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لەم کارەدا. هیوادارین لە دروستکردنی ئەم کارگەیە هەتا دەکرێ بابەتی ژینگەپارێزی و گەرمبوونی زەوی و سنوودارکردنی دەرچوونی گازە پیسەکان لەبەرچاو بگرن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووریدا بایەخێکی زۆر بە هەردوو کەتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات و دەڤەرەکەمان کەرەستەیەکی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر کارگە و بووژاندنەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکردنیشی بۆ ناوچەکە.
جێی خۆشحاڵییە کە بیستم ئەم کارگەیەش بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرەستە و مادەی خاوی ناوخۆ دەبەستێت.
بەڕێزان
ئەگەر سەیری مارکێت و ماڵەکانی کوردستان بکەین ئەمڕۆ دەبینین کە زۆربەی هەرە زۆری کاڵاکانیان تا ئێستا هاوردە دەکرێن، لە کاتێکدا کە دەتوانین بەشێکی زۆری ئەو بەرهەم و پێداویستییانە لە کوردستان دروست بکەین. بەمەش هەم کەرتی پیشەسازیمان دەبووژێتەوە، هەم بێکاریش کەمتر دەبێت، پشتبەستنی هەرێم بە دەرەوەش زۆر سنووردار دەبێت. لەم ڕووەوە هەر هاریکاری و یارمەتییەک لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت ئێمە ئامادەین بیکەین بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازیمان گەشەسەندنێکی باش بە خۆیەوە ببینێت. هەر لێرەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ڕادەسپێرم کە ئاسانکاریی زیاتر بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لاببرێت.
من جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم پرۆژەی هاوشێوە لە زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستانیش ئەنجام بدرێت.
جارێکی تر زۆر زۆر بەخێر بێن. ئێوە هەر سەلامەت و بەختەوەر بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.
بە ھەماھەنگی نێوان پاوەرچاینەل و دابین گرووپ كارگەیەكی چیمەنتۆ بە دووری 45 كیلۆمەتر لە باكووری شاری ھەولێر دروست دەكرێت، كە دەبێتە مۆدێرنترین بنكەی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ لە ھەرێمی كوردستان.
كارگەكە لەسەر رووبەری 43 ھیكتار زەوی دروست دەکرێت، لەكاتی کەوتنەکاری لە رۆژێكدا توانای بەرھەمھێنانی زیاتر لە شەش ھەزار تۆن و لە ساڵێكیشدا توانای بەرھەمھێنانی دوو ملیۆن تۆن چیمەنتۆی دەبێت.


