دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/05/2023

راگەیەندراوێک لە پارتییەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕالییەوە

هەرێم نیوز 

وتەبێژی پارتی رایگەیاند، "داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لای هەمولایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".

وتەبێژی پارتی دەڵێت، "داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە شەشەمین کۆبونەوەی لەبارەی سکاڵای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و بڕیاریدا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە و هەر کارێکیش پەرلەمان کردبێتی نایاسایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP