دواین هەواڵ

ئابوری‌

 25/05/2023

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە دا

هەرێم نیوز

لەكۆبونەوەی ئەمشەوی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕگەیەك لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیركرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران بەڕێژەی 10%ی مانگانە، هاوکات، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو دانیشتنی لیژنەکەیان بەجێهێشت.

بەگوێرەی زانیاریەكان، ئەمشەو كۆبونەوەی لیژنەی دارایی بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی ئەو بڕگانەی كە یەكلانەكراونەتەوە ئەنجامدرا، لەكۆبونەوەكەدا ماددەكانی 13 و 14ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەسەندكران.

سەبارەت بەوردەكاری ناكۆكیەكان و بەجێهێشتنی دانیشتنی لێژنەکە لەلایەن نوێنەرایەتی پارتی و یەکگرتووەوە، جەمال كۆچەر ئاشكرایكرد، "ئەوان دەڵێن نابێت هەرێم كەمتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، هەروەها دەبێت تەنها لەڕێگەی سۆمۆوە ئەو نەوتە بفرۆشرێت، هەروەها داهاتەكەشی لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە وەربگیرێت و نابێت سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی وەرگرتنی پارەكەی هەبێت، جگە لەوانەش دەڵێن، ئەگەر هەرێم بەهەر هۆكارێك نەیتوانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە نەكرد، بەپێی بڕە نەوتی هەناردەكراو پارەی بۆ بنێردرێت، بەجۆرێكی دیكە ئەگەر لەڕێگەی توركیاوە هەناردەكردنی نەوتیش راگیرا نابێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP