هەرێم نیوز
ناحیەی قوشتەپە لە سنوری پارێزگای هەولێر کرا بە قەزا بە هەمان سنوری ئێستای ناحیەکە
لە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە 21ـی 05ـی 2023 دەرچووە بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بڕیاری بەقەزاکردنی قوشتەپە دەرکراوە و تێیدا هاتووە، بە فەرمانی هەرێمی و فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ سەرۆک وەزیران سەبارەت بە هێنانەکایەی قەزای قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە هێنانەکایەی قەزای قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستای ناحیەی (قوشتەپە).
لە نووسراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە نووسراوەکە لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 10ـی 05ـی 2023ـەوە کاری پێدەکرێت.
لە ساڵی 1959 قوشتەپە كرایە ناحیە و دووری ناحیەی قوشتەپە لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكەی 19 کیلۆمەتر دەبێت، بە هۆی بەرفراوانی قوشتەپە ژمارەیەکی زۆری گوند لە سنووری قوشتەپەیە کە ژمارەیان 58 گوندە و بەسەر 55 كەرتدا دابەشبووە.