دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 19/05/2023

نەریتەکان تەنها بۆ ژن

بەنان فاروق -ڕۆژنامەنووس

نەریت بریتییە لە باوەڕبوون بە شتێک یان ڕەفتارکردن کە لە ناو گروپێک یان نەتەوەیەکدا بووە بە ئەرک و بووەتە سیمبول، لە ڕابردووەوە دەگوازرێتەوە بۆ داهاتوو و هەمیشە ئەو شتەی کە بۆوەتە نەریت لە نێوان کەسەکانی گروپێک یان نەتەوەیەک بە زیندوویی ئەمێنێتەوە.

هەموو وڵاتێک نەریتی تایبەت بە خۆی هەیە و نەریتەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی کە جیاوازن، مەرج نییە وڵاتێک تەنها یەک نەریتی هەبێت هەندێک جار لە وڵاتێکدا چەندین نەریت هەیە کە لە لایەن گروپێکەوە یان چەند کەسی بنەماڵەیەکەوە نەریتەکە پەیڕەو ئەکرێت.

زۆربەی وڵاتان جل و بەرگی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتەکەیانی پێ بناسرێتەوە و هەر کە سەیری جل و بەرگی کەسەکە ئەکەیت ئەزانیت کە خەڵکی چ وڵاتێکە بەهۆی جل و بەرگە تایبەتەکانییەوە، جل و بەرگی تایبەت بە وڵاتەکان ناسنامەی تایبەت بە وڵاتەکەیەتی، هەندێک جار بەهۆی جوانی جل و بەرگەکەوە ئەو کەسانەی کە سەردانی وڵاتەکان ئەکەن بۆ گەشت جل و بەرگی تایبەت بە وڵاتەکە ئەکڕن و زۆر جاریش ئەکرێنە دیاری و دەیان بەنەوە لەگەڵ خۆیان.

بەزۆری نەریتەکان جێبەجێئەکرێن بەسەر ژناندا و زۆر جار لەبەر کۆمەڵگا ژنەکان نەریتەکان پەیڕەو ئەکەن، زۆر جاریش بۆ هێشتنەوەی نەریتەکان هەر لە لایەن ژنەکانەوە پەیڕەو ئەکرێن تا بمێننەوە و تێدا نەچن، بەزۆری نەریتە کۆنەکانی کورد لەناو چوون و کەس پەیڕەویان ناکات هەندێکیان خەریکە زیندوو ئەکرێنەوە و هەندێک جۆری جلی کوردی هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا زیندوو کراونەتەوە کە خەریک بوون لەناوبچن بەڵام لەلایەن چەند بڕاندێکی تایبەت بە جلی کوردی زیندوو کراونەتەوە.

کورد نەریتی زۆری هەیە بەڵام بەناوبانگترین و گرنگترین و کۆنترینیان نەورۆزە و کە تاوەکو ئێستا بە زیندوی ماوەتەوە کە دەکاتە ڕۆژی ٢١ ی ٣ هەموو ساڵێک و ڕۆژێک پێش ئەوە ڤیستیڤاڵی تایبەت ڕێکدەخرێت و ئاگر دەکرێتەوە و خەڵکی بە جلی نەتەوەیی جلی کوردی بەژداری تێدا ئەکەن، هەندێک نەریتیشی لەناوچوون وەک نەریتی وەک هێلکە شکاندن لەژێر پێی بووک لە ڕۆژی گواستنەوەیدا و ڕشتنی برنج لەلایەن بووکەوە بە قاچی ڕاست بۆ ئەوەی منداڵی زۆری ببێت و گواستنەوەی بووک بە تارای سور و بە سواری ئەسپەوە، هەفتەیەک ئاهەنگ گێڕان بۆ بووک و زاوا و ...هتد، کە ئەمانەو چەندین نەریتی تری کۆنی کورد نەماون.

نەریتەکان تەنها شتانێکی ئاسایی نین زۆرجار نەریتەکان شتانێکی زۆر نامۆن نەک تەنها بۆ خەڵکی کورد نامۆن بۆ تەواوی جیهانیش ئەو نەریتانە نامۆن و جێی تێڕامانن، وەکو نەریتی هۆزی کایان لە شاری بۆرمای وڵاتی میانمار کە بە مل درێژی بەناوبانگ و پێیان ئەوترێت مل زەڕافەکان یان ئەڵقە لە ملەکان، ئەوان نەریتەکەیان لەسەر ژنان واتە ڕەگەزی مێ جێبەجێ ئەکەن هەر لە پێنج ساڵی تەمەنییانەوە ئەڵقەیەک لە شێوەی ملوانکە ئەکەنە ملیان و هەموو ساڵێک ئەڵقەیەک زیاد ئەکەن بۆ ملیان تا ئەگەنە قۆناغی پێگەشتن و ملیان درێژ ئەبێت ئەوان پێیان وایە بەو شێوەیە جوانتر دەردەکەون بۆیە بەو جۆرە ملیان درێژ ئەکەن.

نموونەیەکی تری نەریتی سەیروسەمەرە گروپی مورسییەکانن کە گروپێکی زمان سورمیکین لە ئەسیوبیا کچەکانیان لە تەمەنێکی کەمەوە پلێتێک ئەکەنە دەمیانەوە هەموو ساڵێک پلێتەکە گەورەتر ئەکەن و بەو شێوەیەش لێویان گەورە ئەبێت و بەشی خواری لێویان لێدەبێتەوە، ژنەکان پێیان وایە بەم شێوەیە جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەدەکەون.

نەریتەکان زۆربەیان بەرەو لەناوچوون ئەچن، مانەوەی نەریتەکان وەک خۆیان گرنگ و پێویستە بمێننەوە، لەبەر دوو هۆ بەکەم تا بە نەواکانی داهاتوو بگەیەنن و پێیان بڵێن نەریتیان چییە و پێویستە بیپارێزن و دووەمیش بە خەڵکی بیانی پیشان بدرێت کە ئەوان نەریتی تایبەت بە خۆیان و جلی بەرگی تابیەت بە خۆیان هەیە و تا ئەو کاتە پارێزگارییان لە نەریتەکەیان کردووە، بەڵام هەندێک نەریتی سەیریش کە پێویست نین بۆ کومەڵگا مانەوەیان گرنگی نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP