دواین هەواڵ

کلتور‌

 09/05/2023

ھەیمەنەتی کتێب بەسەر دەرونـی مرۆڤەوە!

شادمان محەمەد

"تەماشابکەن و سەرنج بدەن، بزانن چۆن کەشی خوێندنەوەی کتێب و تێڕامان و قوڵبونەوە لە ناواخنی کتێب و لاربونەوە بەسەر شانی کتێبدا و مانەوە و کاتبەسەربردنی زۆر لە ناوی کەشی بێدەنگی ڕاھاتوی نێو کتێبخانەکان چ سوکنایی و ئارامی و ھێمنییەکـی بە یەکێک لە باشترین مامۆستاکانی بواری ھونەرە بەرگری و جەنگییەکان بەخشیوە، بەجۆرێک ھەرگیز ناڵێت و وا بیرناکەیتەوە؛ ئەم کەسە بێدەنگە ئارامە، کە ئارامانە دانیشتوە، ھەمان ئەو کەسە توندوتیژ و پڕ حەماس و ھەڵچون وداچووە بێت کە بەردەوام لە ناو گۆڕەپانە جەنگییەکاندا بە پێوەیە و ھەرگیز دانیشتن نازانێت چیە و ھەمیشە بەوپەڕی بەھێزییەوە ڕوبەڕوی بەرانبەر دەبێتەوە و بەجۆرێک لە ھەموانیش دەدات و لەگەڵیدا ناشھێڵێت؛ بە ھیچ جۆرێک خۆی لێدان بخوات".

بە درێژایـی ساڵان، زۆرکات بیرم لە دو لایەنی تایبەتی (بروس لی - Bruce Lee - لی جان ڤان)، ناسراو بە (ئەژدەھای بچوک)،کردۆتەوە، یەکەمیان لایەنی جەستەیی بوە، دوەمیان لایەنی دەرونی بوە. 

ئەو ئەکتەر و مامۆستای ھونەری بەرگری چینییە، لە ڕوی جەستەیی و دەرونییەوە بۆتە کارەکتەرێکی زۆر جێی سەرنج. لەو بارەیەوە ھەمیشە ڕام وابوە کە خاوەن؛ جوانترین و شیکترین و بەھێزترین جەستە و ماسولکە بوە لە نێو مێژوی وەرزشکارە ھونەرییە بەرگرییەکاندا. تەنانەت لە ڕوی دەرونیشەوە و بەھۆی ھەبونی تەرکیز و فۆکوسێکی زۆر قوڵ و تیژ کە بە ھۆیەوە ھەمان ھێزی پێ بەخشیوە کردویەتیە خاوەن کارێزمایەکی بەھێز، تەنانەت وتە و  لێدوان و قسەکانی سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو خاوەن زیھن و فیکرێکی قوڵە.

بروس لـی، لە تەمەنێکی ئێجگار گەنجێتیدا لە سەر دەستی مامۆستاکەی،واتا (ئای پی مان)، فێری گەلێک لە ھونەرە بەرگریی و جەنگیەکان بوە، تەنانەت بە نزیکەیی لە ماوەی ١٥ ساڵی بەردەوام کارکردن لە دەرەوە و ناوەوەی سینەمادا زۆرترین چالاکی ئەنجامداوە کە بە ھۆیەوە بۆتە جێی سەرنجی تەواو خەڵکی کە وەک ئەفسانە و و نەمرێک وێنای بکەن، ئەمە جگە لەوەی لە پاڵ ئەم کارە ئەستەمە پڕ مەشق و ڕاھێنانەدا چۆتە بەر خوێندنی بواری (شانۆ و فەلسەفە)لە وڵاتی ئەمریکا.  تەنانەت گرنگیەکی زۆری بە بواری خوێندنەوەی فەلسەفە داوە.

لە ڕاستیدا ئەو پارادۆکس و دژبەیەکبونە لە کارەکتەری (بروسلـی) - دا، ھەمیشە جێی پرسیار و گومانەکانم بوە کە بە ھۆیەوە خاڵێکی زۆر بەھێز و کاریگەری بە کارەکتەری بروسلی بەخشیوە، چون وەک زۆربەمان دەزانین لە دەرەوەی فیلمدا؛ بروسـلی خاوەن جەستە و ماسولکەیەکی زۆر جیاواز و تایبەت و بەھێز بوە، بەڵام لەسەر ھەمو ئەوانەشەوە ھیچکات بوارەکەی نەک لە خوێندنەوە دانەبڕاندوە، بەڵکو جوانتر و توندتر گرێداوەتەوە و تەنانەت دەڵێن؛«کتێبخانەیەکی گەورەی تایبەت بە خۆی ھەبوە کە زیاتر لە سێ ھەزار - ٣٠٠٠، کتێبـی لە خۆ گرتوە.

دواجار، بروس لـی، چ لە ژیاندا، چ لە پاش مەرگیدا، قسە و قسەڵۆکی جیاواز و واتەواتی جۆراوجۆری لە بارەوە کرا، تەنانەت زۆرێک وەک ئەفسانە و کارەکتەرێکی نەمر و دوبارە نەبۆوە لە مێژودا قەڵەمی دەدەن، وە ھەندێک تر ئەو وەسفانە بە زێدەرەویکردن دەناسێنم.

لە کۆتاییدا، لە ھەموی نامۆتر ھاوبەش و لێکچوانێک لە شێوازی مردنی خۆی و کوڕەکەیدا ھەیە کە تا ئێستایش بۆتە جێی شەک و مشتومڕێکی زۆر، ئەوەیش ئەوەیە ھەردوکیان لە سەر (ستەیجی فیلم) و لە کاتی پرۆسەی (وێنەگرتن) و پرۆڤەی (نواندن)دا، گیانیان سپاردوە، ھەربۆیە تا ئێستایشی لەسەر بێت مردنی باوک و کوڕ وەک لوغزێک و ئاڵۆزیەیک و گرێکوێرەیەک ماوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP