هەرێم نیوز
مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی چووە ریزبەندیی ناوچە دێرین و کەلەپوورییەکانەوە، ئەوە دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە 238 ساڵ.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، رێکارەکانی چوونە ناو ناوچە و کەلوپەلە دێرینەکانی کوردستان تەواوبووە، ئەوەش پشتبەست بە یاسایەک کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی دوای ساڵێک لە بونیادنانی شارەکە دروستکراوە لە ساڵی 1785.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی سلێمانی، لە ئێستادا لە شارى سلێمانی 700 مزگەوت هەن کۆنترینیان مزگەوتی گەورەیە.
پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵ بەر لە ئێستا یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی شوێنەوارە دیرینەکان و ناوچە کەلەپورییەکان، بەپێی بڕگەی حەوتەمی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی کوردستان، هەر شوێنێک 200 ساڵی بەسەردا تێپەڕێت دەبێتە شوێنێکی دێرین و کەلەپووری.