دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/04/2023

زنجیرە دراما تەلەفزیۆنیەکان بۆ هێندە خراپن؟

سدیق عەزیز

سیناریۆی سادە و بێ عومق و بێ خەیاڵ ، ئەکتەری بێ خەیاڵ دروست دەکات، نواندێکی میکانیک و بێ ئیحساس بەرهەم دەهێنێت
زنجیرە دراما تەلەفزیۆنیەکان بۆ هێندە خراپن؟
ئایا ئەکتەرە کان ئەو پرسیارەیان لە خۆیان کردووە؟

من دڵنیام نەک ئەو پرسیارەیان لە خۆیان نەکردووە، بەڵکو ئەگەر کەسێکیش ئەو پرسیارەیان لێبکات ،بەو پەڕی باوەڕ و قەناعتەوە بەرگریان لە خۆیان و دراماکەیان دەکەن ، کە ئەمەش کێشەی گەورەی ناو شانۆکاران و دراماسازانە،کە هەرگیز دانا بە شکستی خۆیان نانێن و پێیان وایە کە ئەو ڕەخنەو تێبینیانەش دەرئەنجامی کێشەی کەسایەتی وبە غالەتە.

ئایا دەکرێت ئەم دراماسازانە دڵیان بەسەد یان دووسەد لایکی کەسانی دوور لە دنیایی هونەرو شانۆ ودراما خۆشبێت و پێیان وابێت ،ئیتر دراماکەیان سنوری درامای جیهانی تێپەڕاندوە؟
زۆری ئەکتەرەکان هاوڕێ و هاوتەمەن و کاری پێکەویمان هەبووە، زۆریان خاوەن مێژوویەکی جوانن و هەندێک ئەکادیمن و مامۆستایی شانۆن ،من خۆشەویستیم هەیە بۆ یەک بەیەکیان ،بەڵام ناکرێت درامایەکی واخراپ بەسەر ئەم ئەکادیمی و خاوەن ئەزموونانەدا تێپەڕێت.

هۆکاری بەشداربوونی ئەم بەڕێزنە چیە لەم درامایەنەدا ؟ سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک ئەکتەری ئەکادیمی، خاوەن ئەزمون و خاوەن مێژوو لە دراماکاندا دەبینرێت.

١/ زۆرجار باری ئابوری و خراپی ژیان و مەعیشەت کاریگەری هەیە ،بەوەی کە بتوانێت لە ڕێگای درامایەکەوە ،نەختێک باری ئابوری باشتربکات.کە ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ خراپی دەسەلات و پشگوێ خستنی هونەرمەندان ،بەوەی هونەر نە بۆتەو پیشە و دەبێت ژیانیان لەسەر مووچەی دەزگایەک بێت یان کاسبکاربن .هەندێک ئەکتەریش هێندە عاشق بە درامایە ، لە خۆشەویتیدا پەنا بۆ هەموو درامایەک دەبات ،بێ ئەوەی بیر لە باشی خراپی بکاتەوە.

٢/ کاری دراما کاتی پرۆڤەی کەمتر دەوێت وەک لە شانۆ ،تەنها لەکاتی پێویست و وێنەگرتندا ئامادە دەبێت ، نەک ئەوەی سێ مانگ بە پرۆڤەی شانۆیەکەوە خەریک بێت و چەند سەد کەسێک بیبینێت ، دەشێت دراماکە ماوەکەی کەمتر و پارەکەشی باشتربێت.

٣/ خەزی خۆدەرخستن ،ناساندنی خۆیی لە ڕیگای درامایەکەوە ، کە لە شانۆدا ئەو شانسەی کەمترە لەسەر ئاستی کوردوستان ببینرێت. ئەمەش عوزر لە قەباعەت خراپتر، لەسەر شانۆ چەند سەد کەسێک خراپی تۆ دەبینێت، بەڵام لە درامایەکدا بە ملیۆن دەتبینێت ،ئەگەر دراماکە و باش و نواندن باشبێت، دەبیتە جێگای شانازی .

٤/ هەندیك ئەکتەر لە بێ ئیشیدا کار دەکات ، بەتاڵە و تەقاعودە و لەماڵەوە دانیشتوە ،هەم کاتێک بەسەردەبات و هەم بڕێک پارەشەی دەست دەکەوێت ، ئەمەش وادەکات نە سیناریو نە ناوەرۆک نە دەرهێنان گرنگ نەبێت بەلایەوە.

٤/ هەندێک ئەکتەر دەیانەوێت نیشانی بەدەن کە دەژین و لە هونەردا بەردەوامیان هەیە بێ دابڕان ،ئەم حەزی بەردەوامیە وادەکات کە سیناریۆ و ناوەرۆک بەلایانەوە گرنگ نەبێت وهەر بەردەوام بن جا دراماکە هەرچۆنێک بێت.

٥/ من شکم هەیە لەوەی ئەکتەرەکان تەواوی سیناریۆکە بخوێننەوە یان تەواوی سیانریۆکە وەرگرن ،چونکە هەندێک لەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە نوسیومن ،وادەکات سیناریۆکە بەلایەوە گرنگ نەبێت ،تەنها دەورەکەی خۆی وەردەگرێت و دەیخوێنێتەوە.

٦/ کەمی مەعریفە و ئەزمون شارەزایی ئەکتەرەکان لەسەر سیناریۆ و نوسینی سیناریوو تەکنیکی سیناریۆ ، ئەکتەرێک کە تەنها دەتوانێت قسەبکات و دەست بجوڵێنێت ، چی لە سیناریۆ دەزانێت. هەر خودی ئەکتەرەکە لە مەفاهیم و مەعریفەی نواندن نازانێت ، چۆن لە سیناریۆیەک تێبگات.

٧/ هەندیك ئەکتەر بە ناوی دەرهێنەرێک دەستەڕۆدەبێت، کە دەرهێنەرێک ناوی هەبوو ،مەرج نیە لەهەموو کارێکدا سەرکەوتوبێت، زیاتریش ئەو دەرهێنەرانە جێگای سیقەن کە لەدەرەوەی کوردوستانەوە هاتوون . هەندێک ئەکتەر هێندەی سیقەی بە دەرهێنەرەکە هەیە ، باوەڕی بە خوێندنەوەی سیانریۆکە نیە.

خراپی سیناریۆ

1/ ئەم درامایانە دورو نزیک پەیوەست نین بە ژیان و کێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەوە.
٢/ خراپی لە بنیات نان و ڕۆنانی بینای درامایی ڕوداوەکان و بەرەوپێشبردنی گرێی ڕوداوەکان تا کۆتایی
٣/ خراپی بنیات نان و دروستکردنی کەسایەتی ناو دراماکان لە ڕووی بوعدی دەرونیەوە ، کەسایەتیەکان زۆر سادە وسەتحین و هیچ عومق و قوڵبونەوایان تێدانیە ،تا ئێمە سەرسامکات بە نواندێک کە ڕەنگدانەوەی لایەنی نەفسی و دەرونیبێت.
٤/ دووبارە و سێ بارەکردنەوەی دیالۆگ و گێرانەوەی ڕوودا و بەسەرهاتەکان ، کە جگە لە بێزاری و درێژدادڕی زیاتر هیچ ئیزافەیەک ناخاتە سەر ڕووداوەکان ، جاری واهەیە سێ ئەکتەر هەمان ڕووداو دەگێرنەوە ، لەسێ زنجیرەدا.
٥/ بێ ئاگایی نە شارەزایی لە دروستکردنی لۆکەیشن و ئەتمۆسفیری دیمەنەکان. بۆ نمونە سەیرت لێدێت خێزانێک لە هۆلێکدا دانیشوتن سەیری تەلەفزیۆن دەکەن ،بەڵام ژوورەکە هەمووی تاریکەو بەس ڕووناکی لەسەر دەمووچاوی ئەکتەرەکانە .
٦/ دیمەنی کورت و دیالۆگی سادەو بازاڕی کە سەدان جار دووبارەدەبێتەوە، لە تەلەفونێکدا هەمووی چاک و چۆنی و بەڵی و نەخێرو دوای و وازی لێبێنەوە ، تۆ وەربۆلام ، بێ ئەوەی لەم پەویەندیەدا هیچ زانیاریەک بۆ بینەران دەرکەوێت بۆچی ئەم تەلەفونە کرا
٧/ خراپی نواندن ،نەبوونی ئیحساس، نەبوونی پەویوەندیەکی ڕوحێ نێوان ئەکتەرەکان ،نواندن تەنها گرژبونی دەمووچاوێکی وشک و رەق ،قیژەو هاوارکردنە.
٨/ تێکەڵکردنی زمەن و دیار نەبوونی زەمەن، بەتایبەتی شەو ڕۆژ ، ڕوداوێک لە ڕۆژدا ڕوودەدات، هەمان ڕوودا لە جەند دەقەیەکدا دەبێتە شەو، بەبێ ئەوەی ڕوداوێکی تر ببینیت.

کۆتایی خۆشەویستیم بۆتان هاوڕێ و ئەزیزن



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP